پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی سێ تاوانباری راگەیاند
دوو لە تۆمەتبارەکان تەقەیان لە ژنێک کردووە و برینداریان کردووە
پۆلیسی سلێمانی لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاند، لە دوو چاڵاكی جیادا مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سیتەک سێ تۆمەتباریان دەستگیركردووە كە دوو لەو تۆمەتبارانە بە تۆمەتی برینداركردنی ژنێک دەستگیركراون.
لە رووداوێکدا و دوای ئەوەی دەنگی تەقە لە یەكێک لە باخەكانی سیتەک بیسترا، دەستبەجێ مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سیتەک گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و دەركەوت كە ژنێک بە فیشەک بریندار كراوە، لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباران دەستیپێكردوو سەرئەنجام توانرا دوو تۆمەتبار دەستگیربكرێن و دەستیشبگیرێت بەسەر چەكێک لەجۆری دەمانچە كە تەقەی پێكرابوو.
لەئێستا هەردوو تۆمەتبار (ف ، ع ، م لە دایكبووی 2002) و (ع ، م ،ح لەدایكبووی 1983) بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 405-31 لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
لەچالاكییەكی تردا مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سیتەک تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە بەچەقۆ هێرشی كردبووە سەر هاووڵاتییەک و برینداری كردبوو دواتر هەڵاتبوو.
لەئێستادا تۆمەتبار (ر ، ع ، س لەدایكبووی 1999 ) بەبڕیاری دادوەر راگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.