پۆلیسی سلێمانی: دوو کەس بە تۆمەتی دزیکردن لە مزگەوتێک دەستگیرکراون

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، دوو کەسیان بۆ تۆمەتی دزیکردن لە مزگەوتێک دەستگیرکردووە و دەستیان بەسەر مۆلیدەیەکدا گرتووە، کە تۆمه‌تباره‌كان لە مزگەوتەکە دزیویانە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 31-07-2022، پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوەداوە، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سوورداش دوو تۆمەتباریان دەستگیركرد، كە دزیان لە مزگەوتێکی سنووری مێرگەپان کردبوو.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، دەستگیرکردنی ئەو دوو کەسە، دوای ئەوە بووە، کە سکاڵا له‌سه‌ر دزینی مۆلیدەی مزگەوتێک تۆمارکراوە، لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکانیشدا دەستگیراوە بەسەر ئەو مۆلیدەیەدا، کە لە مزگەوتەکە دزراوە.

پۆلیسی سلێمانی ئاشكرایكرد، هەریەک لە (ب، ح، ع) لەدایكبووی 1991 و (ع ، ك، م) لەدایكبووی 1979 بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 444 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و دانیان بەتاوانەكەیاندا ناوە.