پۆلیسی سلێمانی: تاوانبارێک دەستگیردەکرێت کە بەبڕی 50 هەزار دۆلار کێبڵی دزیوە

پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەسەر سکاڵای هاووڵاتییەک کە کەلوپەل لە کۆگاکەی دزرابوو، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە بەبڕی 50 هەزار دۆلار کێبڵی لە سکاڵاکار دزیوە.

دەقی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی:

لەسەر سكاڵای هاووڵاتییەک مەفرەزەكانی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی – نووسینگەی كوردسات تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد.

دوای ئەوەی هاووڵاتییەک سكاڵای تۆماركرد كە لە كۆگاكەی كێبڵی كارەبایی دیارنامێنێت و چەند جارێكیش ئەم كارە دووبارە بووەتەوە و بەنزیكەیی بایی 50 هەزار دۆلار كێبڵی لێدزراوە، مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی کوردسات لێكۆڵینەوە و بەدواچوونەكانیان دەستپێكردوو دوای ناسینەوەی تۆمەتبار توانرا تۆمەتبار لەكاتی فرۆشتنەوەی كێبڵە دزراوەكاندا دەستگیربكرێت و دەستیش بگیرێت بەسەر ژمارەیەک كێبڵی دزراوو چەكێكی جۆری دەمانچە كە بە تۆمەتبار بووە.

لە ئێستادا تۆمەتبار (أ ، ل ، م لەدایكبووی 1999 ) بەبڕیاری بەڕێز دادوەر راگیراوەو دانی ناوە بەتاوانەكەیدا.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی – راگەیاندن و پەیوەندییەكان