رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، لە راپۆرتێکیدا رایگەیاندووە، “ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا تووشی شێرپەنجەی خوێن بووە و نەشتەرگەری لە پشتیدا بۆ ئەنجامدراوە”.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، لە راپۆرتێکی تایبەتدا چەند زانیارییەکی وردی لەسەر تەندروستیی ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا ئاشکراکردووە و لەو بارەیەوە دەڵێت، “پۆتین بەر لە ماوەیەکی کەم لە بڕیاری داگیرکردنی ئۆکرانیا، دووچاری شێرپەنجەی خوێن بووە و نەشتەرگەری لە پشتیدا بۆ ئەنجامدراوە بە مەبەستی چارەسەرکردن و بنەبڕ کردنی نەخۆشییەکەی”.
دەیلی مەیل ئاماژە بەوەدەکات، “یەکێک لە سەرمایەدارەکانی رووسیا کە نزیکە لە کۆشکی کرێملینەوە و خۆی بە ناوی خوازراوی (یوری) ناساندووە، لە تۆمارێکی دەنگیدا باسی لە تەندروستی پوتین-ی کردووە و بە “شێت” ناوی هێناوە بەهۆی ناجێگیری باری تەندروستییەوە”.
هەمان سەرمایەدار جەختی کردووەتەوە لەوەی، “پوتین هۆکار بووە لە روخانی ئابووری رووسیا و ئۆکرانیا و زۆر کەس لە ناوخۆی رووسیادا هیوا بە مردنی دەخوازن چونکە وڵاتی بەرەو وێرانی بردووە.”