پلاسخارت داوای کۆبوونەوە لە سەدر دەکات

پلاسخارت داوای کۆبوونەوە لە سەدر دەکات

پلاسخارت دەستی بە ژمارەیەک پەیوەندی چڕ کردووە، لەپێناو ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نوێ لە ماڵی موقتەدا سەدر، لە حەنانە

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:43
پلاسخارت داوای کۆبوونەوە لە سەدر دەکات
0

لایک

سەرچاوەیەکی نزیک لە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق هەوڵەکانی بەمەبەستی ئەنجامدانی کۆبونەوەیەکی نوێ لە بارەگای سەدر چڕکردووەتەوە، بەمەبەستی گەیشتن بە ئەنجامێک بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی ئێستای عێراق.

ماڵپەڕی بەغداد ئەلیەوم، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەزاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردووەتەوە، “نەتەوەیەکگرتووەکان نیگەرانە بەو دۆخەی لەئێستادا لە عێراق دروستبووە و بەردەوامی هەیە، لەهەمان کاتیشدا هەستیان بە گرنگی رەوتی سەدر کردووە لە هاوکێشە سیاسییەکانی وڵاتەکەدا، کە خاڵی چارەسەری ئەم قەیرانەی کە هەیە بەدەستی ئەوەوە جگە لەو قورساییەی لەئاستی هاووڵاتیانیدا هەیەتی”.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “پلاسخارت دەستی بە ژمارەیەک پەیوەندی چڕ کردووە، لەپێناو ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نوێ لە ماڵی موقتەدا سەدر، لە حەنانە، بە مەبەستی ئەوەی بۆچوونی خۆی بخاتەڕوو سەبارەت بە قەیرانی عێراق پاش ئەو کۆبوونەوانەی لەگەڵ سەرکردە سیاسییە شیعی و سونی و کوردییەکان ئەنجامیدا”.

ئەوەش هاتووە، “تائێستا نازاندرێت، سەدر بەو داوایە رازی دەبێت یان نا، بەڵام هەڵوێستی رەوتی سەدر جێگیرە، کە ئەویش رەتکردنەوەی دانیشتنە لەگەڵ هەر لایەنێک کە تێوەگلابێت لە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی وڵات لەبەرژەوەندی حزبەکەی خۆی”.

جێی باسە، لەچەند رۆژی رابردوودا لایەنگرانی رەوتی سەدر خۆپیشاندانەکان بردە بەردەم بینای ئەنجومەنی باڵای دادوەری، لەدوای ئەمەش چوارچێوەی هەماهەنگی رایگەیاند، هەر کۆبوونەوەیەکی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ رەتدەکەنەوە.