پارێزگای هه‌ولێر بە گوژمەی 308 ملیۆن دینار پرۆژەیەكی قیڕتاوكردن و دروستكردنی ئاوەڕۆ جێبەجێ دەکات

نزیكەی پێنج هەزار كەس لەم پڕۆژەیە سوودمەند دەبن

بە مەبەستی زیاتر خزمەتكردنی هاووڵاتییانی شارۆچكەكە، لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری لە سەنتەری شارەوانیی باسرمە، سەر بە بەرێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر(ئەربیل) جێبەجێ دەكرێت و نزیكەی پێنج هەزار كەسیش لێی سوودمەند دەبن.

گوژمەی پرۆژەكە بریتییە لە 308 ملیۆن دینار و بڕگەكانیشی پێكهاتوون لە تەختكردن و كێربستۆن و قیڕتاوكردن و كۆنكرێتكردن و دانانی ئاوەڕۆی لوولەیی، وێڕای ئەوەی نزیكەی پێنج هەزار كەس لێی سوودمەند دەبن، هاوكات سیمایەكی جوان بەو شوێنە دەبەخشێت كە پرۆژەكەی تیادا جێبەجێ دەكرێت.

ئەم پرۆژەیە لە مانگی 4ـی ساڵی 2021 دەستیپێكردووە و تاکو ئێستا بەشی زۆری تەواوكراوە و كاركردن تیایدا بەردەوامە بۆ ئەوەی بەزووترین كات سەرجەم بڕگەكانی تەواو بكرێن.