پارتی  و یەکێتی هەڵویستی خۆیان بەرامبەر پڕۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەت راگەیاند
  • TEBA KURDİ
  • رۆژەڤ
  • پارتی و یەکێتی هەڵویستی خۆیان بەرامبەر پڕۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەت راگەیاند

پارتی و یەکێتی هەڵویستی خۆیان بەرامبەر پڕۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەت راگەیاند

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:42
پارتی  و یەکێتی هەڵویستی خۆیان بەرامبەر پڕۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەت راگەیاند
0

لایک

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیەنراوێکی سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەت بڵاو کردووەتەوە و تیایدا جەختی کردووەتەوە کە رێگە نادەین یەک و شەش بە پاڵپشتی ئێمە تێپەڕ ببێت کە هەستی موسڵمانان بریندار بکات.

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان- عێراق رایگەیاندووە، “چەند ڕۆژێکە لە میدیا و لەناو شەقام و خەڵکی هەرێمی کوردستان بابەتی پڕۆژەیاسای (بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەت) بووەتە باسێکی گەرم و لەسەر هەندێک لە ماددەکانی نیگەرانی دروست کردووە”.

هەورامی ئاماژەی بەوەشکردووە، “لەبارەی ئەم پڕۆژەیاسایە لە یەکەم ماددە کە گفتوگۆی لەسەر کرا سەرۆکی فراکسیۆن لەناو هۆڵی پەرلەمان هەڵوێستی پارتی راگەیاند کە “هیچ پڕۆژە و یاسایەک تێناپەڕێت لەڕێی پەرلەمانەوە کە دژی بنەماکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بێت”.

جەختی لەوەش کردووەتەوە، “لێرەوە دووبارە رایدەگەیەنین پارتی و مێژووی پارتی پڕە لە هەڵوێست لە بەرگری لە هەموو ئایینەکان و ئاینی ئیسلام کە ئایینی زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و لەسەر رێچکە و رێبازی سەرکردەی رۆحیمان بارزانی نەمر لانادەین و دڵنیایی دەدەین رێگە نادەین یەک و شەش بە پاڵپشتی ئێمە تێپەڕببێت کە هەستی موسڵمانان بریندار بکات”.

تایبەت بە هەمان پرس، فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان- عێراق رایگەیاند، “ھەرگیز لەگەڵ یاسایەکدا نابین کە دژ بە بنەماکانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام بێت”.

فراکسیۆنی یەکێتی لە راگەیەندراوەکەیاندا دەڵێن، “بڕوای تەواومان بە پاراستنی ئاشتی ئاسایش و سەقامگیری خێزانی هەیە و لە پرەنسیپە بنەڕەتیەکانمانە و خەباتیشی لەپێناودا دەکەین، هەروەک چۆن خەباتدەکەین لە پێناو پاراستنی شیرازەی خێزان و تەواوی کۆمەڵگەی کوردی و بەرگرتن لە هەر هەوڵێک بۆ لێکترازانی ئەندامانی خێزانەکان لەیەکدی”.

یەکێتی ئەوەشی خستووەتەڕوو، “بەلای ئێمەوە (فراکسیۆنی یەکێتی) هیچ شەرەفێک لە ژن کوشتندا نییە. توندوتیژی دژی ژنان، تاوانن و دژی داب و نەریت و کولتووری کوردەواری رەسەنن و لەو پێناوەشدا دەبێت یاساکانمان لە خزمەتی ئەم ئاڕاستەیەدا ببن”.

ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی خوێندنەوەی پێشنیازە یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان و ئافرەت لە پەرلەمانی کوردستان- عێراق، کە لە بڕگەیەکی ماددەی دووەمیدا هاتبوو، “بەزۆر سەرجێییکردن لەگەڵ هاوسەردا” بە تاوانی توندوتیژی خێزانی و دژبە ئافرەت دابنرێت، مشتومڕێکی زۆر نێو پەرلەمان دروستبوو، کە دواتر کاردانەوەی چالاکوانان و رێکخاوەکانی مافی ژنان و یەکێتی زانایانی لێکەوتەوە.