پارتی دیموکراتی کوردستان مەرجی ھەیە بۆ بەشداریکردن لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • پارتی دیموکراتی کوردستان مەرجی ھەیە بۆ بەشداریکردن لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق

پارتی دیموکراتی کوردستان مەرجی ھەیە بۆ بەشداریکردن لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:43
پارتی دیموکراتی کوردستان مەرجی ھەیە بۆ بەشداریکردن لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق
0

لایک

ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، شەریف سلێمان: “مەرجەکانمان بۆ بەشداریکردن لە حکوومەت ئەوەیە مافەکانی ھەرێمی کوردستان پێشێل نەکرێت و ھێرشی نەکرێتە سەر، لە رێگای دەستوور کێشەکانمان چارەسەر بکەین و رەچاوی مافە رەواکانی ھەرێمی کوردستان بکرێت”.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، شەریف سلێمان ئاشكرایكرد، ئەوان بە مەرجی “ھێرش نەکردن و پێشێلنەکردنی مافەکانی ھەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگای دەستوور”ەوە بەشداریی لە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقدا دەکەن.
دوای ئەوەی ٦٤ کەس لە جێگای ٧٣ پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکانی رەوتی سەدر سوێندی یاساییان خوارد، شەریف سلێمان لە بارەی سیناریۆکانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو دوا.
شەریف سلێمان ئاماژەی بەوە دا، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ رزگاربوون لەو بنبەستەی عێراق تێیکەوتووە پێویستە دانوستان لەنێوان لایەنە سیاسییەکان ئەنجام بدرێت و وتی، “تەواوی لایەنەکان کۆکن لەسەر دەرچوون لەو بنبەستە و بۆ ئەمە دەرفەتێک ھاتووەتە ئاراوە”.
ئەندامه‌كه‌ی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ھۆشداریی دا لە ئاستەنگەکانی بەردەم پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و ئاماژەی بەوەدا کە پارته‌كه‌ی دەستی بە دانوستان كردووه‌ لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان کە چاوەڕێ دەکرێت رابسپێردرێت بۆ پێکھێنانی کابینەی حکوومەت و لەبارەی مەرجەکانیشیان بۆ بەشداریکردن لە كابینه‌كه‌دا، وتی، “دانوستانەکانمان لەگەڵ لایەنەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی بەردەوامە. مەرجەکانمان بۆ بەشداریکردن لە حکوومەت ئەوەیە مافەکانی ھەرێمی کوردستان پێشێل نەکرێت و ھێرشی نەکرێتە سەر، لە رێگای دەستوور کێشەکانمان چارەسەر بکەین و رەچاوی مافە رەواکانی ھەرێمی کوردستان بکرێت بەپێی دەستوور”.
شەریف سلێمان ئاماژەی بە ئەگەری رژانە سەر شەقام و ناڕەزایی دەربڕنی جەماوەریی سەربە رەوتی سەدر بەرامبەر بە بارودۆخی سیاسی ئێستا کرد و وتیشی، “ھیوادارین خۆپیشاندان ئەنجام نەدرێت. پێویستە لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا پابەندی دەستوور بین و خاڵە ھاوبەشەکان و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عێراق لەبەرچاو بگیرین”.
ھەروەھا مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، سێ مەرجی بۆ بەشدارییکردن لە حکوومەتی نوێ راگەیاند و وتی،”شەراکەت و ھاوسەنگی و سازان مەرجەکانی ھەرێمە بۆ پڕۆسەی سیاسیی عێراق”.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت سەرەتا سەرۆککۆمار ھەڵبژێرێت. دواتر سەرۆککۆماری نوێ ئەرکی پێکھێنانی حکوومەت بە گەورەترین فراکسیۆنی نێو ئەنجوومەنی نوێنەران لە رووی ژمارەی کورسییەوە، دەسپێرێت.
ئەو پەرلەمانتارانەی جێگەی پەرلەمانتارانی دەستلەکارکێشاوەکانی رەوتی سەدریان گرتەوە، سوێندی یاساییان خوارد و دەستبەکاربوون.
ژمارەی کورسییەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت و پێکدێت لە ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، نوری مالیکی، ھاوپەیمانی فەتح سەر بە ھادی عامری کە یەکێک لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی و درێژکراوەی سیاسی حەشدی شەعبییه‌، زیاد دەبێت.
پێشبینی دەکرێت چوارچێوەی ھەماھەنگی ببێت بە گەورەترین فراکسیۆنی نێو ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەرکی پێکھێنانی حکوومەتی پێ بسپێردرێت.