ئەمڕۆ دووشەممە ساڵح محەمەد عیراقی، وەزیری موقتەدا سەدر لە هەژماری فەرمی خۆی ئاماژەی بە رێنماییەکانی خۆپیشاندانە ملیۆنییەکەی رۆژی شەممە داوە و رایگەیاندوە کە موقەدا سەدر ناوهێنانی خۆی بە هەموو شێوە و جۆرێک قەدەغە کردووە.
هاوکات لە تویتەکەدا ساڵح محەمەد عیراقی دەڵێت، “خۆپیشاندانەکەی رۆژی شەممە تا تەواو دەبێت ئاشتییانەیە، داواکارییەکەش چاکسازی سیستەمە بە سەرجەم وردەکارییەکانییەوە (دادوەری، یاسادانان و جێبەجێکرد) و لێپێچینەوەیە لە گەندەڵکاران. داوای گەڕانەوەی فرکاسیۆنی سەدر بۆ پەرلەمان رەت دەکەینەوە”.
شایەنی باسە لە تویتەکەدا وەزیرەکەی سەدر دەڵێت، “ئاراستەی خۆپیشاندانەکان لە گۆڕەپانی تەحریرەوە بەرەو گۆڕەپانی ئاهەنگگێران دەبێت، حەشد شەعبی و بارەگاکانی دەسەڵاتی دادوەری لە بەغداد هێڵی سوورە”.
دوێنێ یەکشەممە 15ـی 8ـی 2022، محەمەد ساڵح عیراقی داوای لە لایەنگرانی سەدر کردبوو خۆپیشاندانی ملیۆنی ئاشتییانە لە بەغداد ئەنجام بدەن لە دژی گەندەڵی و میلیشیاکان و پارتە گەندەڵەکان.