وەزیری ژینگەی عێراق: بەهۆی گۆرانی کەش و هەواوە رۆژانە 10 ملیار دینار زیان بەر عێراق دەکەوێت

جاسم فەلاحی، وەزیری ژینگەی عێراق رایگەیاند، عێراق لەو وڵاتانەیە كە زۆرترین كاریگەریی گۆڕانكاریی کەش و هەوای لەسەرە، بەم هۆیەوەش رۆژانە 10 ملیار دینار زیانی بەر دەكەوێت.

ئەوەشی ئاشکراکرد، لەماوەی 8 ساڵی رابردوودا و دوای ئەوەی بەشدارییان لە (رێككەوتنی پاریس بۆ گۆڕانی کەش و هەوا) كردووە لە ساڵی 2015، گۆڕانكاریی کەش و هەوا بووەتە یەكێک لە گرنگترین ئاڵنگاری كە رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە.

وەزیری ژینگە ئاماژەی بەوەشکرد، كە ئەم گۆرانکارییانە بە روونی هەستی پێ دەكرێت، كاتێک دەبینین پلەكانی گەرمی بە راددەیەک بەرزدەبنەوە كە پێشتر ئەم پلە گەرمییەمان بە خۆمانەوە نەبینیوە، وێڕای زیادبوونی بەبیابان بوون و تێكچوونی خاک لە ژێر كاریگەریی وشكەساڵی و زیادبوونی ژمارەی گەردەلوولە خۆڵاوییەكان.

لەلایەکی دیکەوە باسی لەوەکرد، گەردەلوولە خۆڵاوییەكان لە ئەنجامی گۆڕانكاریی کەش و هەواوە هەڵدەكەن، بەم هۆیەشەوە ''عێراق رۆژانە 10 ملیار دینار زیانی بەردەكەوێت''. چونكە ژمارەی حاڵەتە تەندروستییە لەناكاوەكان زیاد دەبن و دابینكردنی پێداویستییە تەندروستییەكان و چارەسەر بۆ نەخۆشەكان تێچووی بەرز دەبێتەوە، بە تایبەتیش بۆ ئەوانەی كە نەخۆشییەكانی رەبۆ و هەستیاری و كۆئەندامی هەناسەدانیان بە گشتی هەیە.

وەزیری ژینگەی عێراق پێیوایە، زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان لە عێراق هۆكارێكی گرنگی دۆسیەی گۆڕانكاریی کەش و هەوایە، بەوەی كە ساڵانە ملیۆنێک و 300 هەزار كەس لە عێراق زیاد دەكەن.