وەزیری نەوتی عێراق: ناکرێت دوو سیاسەتی نەوت لە یەک وڵاتدا هەبێت و پرسی وزە بە سیاسی بکرێت

رۆژی شەممە 07-05-2022، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتەکەیدا رایگەیاند، پرسی وزە و نەوت بۆ قازانجی وڵاتە و دەبێت لە بەرژەوەندی وڵاتدا بێت.

ئیحسان عەبدولجەبار ئاماژە بەوەش دەکات، "بڕیارەکەی دادگەی فیدڕاڵیی عێراق وەکو خۆی جێبەجێ دەکەین و ناکرێت دوو سیاسەتی نەوت لە یەک وڵاتدا هەبێت و ناکرێت پرسی وزە بە سیاسی بکرێت".

بەرواری 15ى شوباتى 2022، دادگەی باڵاى فیدراڵیی عێراق یاسای نەوت و گازى ساڵى 2007ـى هەرێمى بە نادەستووری لەقەڵەمدا و داوایکرد بەرهەمەکانى نەوتى رادەستى بەغداد بکرێت. ئەو بڕیارە لەلایەن سەرۆکایەتییەکانی هەرێمى کوردستانی عێراقەوە رەتکرایەوە و ئاماژەیان بەوەکرد کە هەموو رێوشوێنێکى یاسایی و دەستووری دەگرنەبەر بۆ پاراستنى سەرجەم گرێبەستەکانى نەوت و گازى سروشتى.