– وەزیری دەرەوەی عێراق و ھاوتا ئێرانییەکەی، سەبارەت بە دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکە و گرنگی ھەنگاونان بە ئاراستەی چارەسەری ئاشتیانە بە ئامانجی دەستەبەرکردنی سەقامگیریی و ئاسایش، ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکانیان کرد.
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حسێن و وەزیری دەرەوەی ئێران، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان سەبارەت بە گۆڕانی کەشوھەوای ناوچەکە و ئەو شەپۆلە خوڵبارینەی کە لە چەند رۆژی رابردوودا عێراق و ئێرانی گرتەوە، گفتوگۆیان کرد.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە بڵاوکراوەتەوە، فوئاد حسێن و حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان، رۆژی سێشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.
لە میانی پەیوەندییەکەدا، ھەردوولا باسیان لە گرنگترین ئاڵنگارییەکانی کەشوھەوا کردووه کە رووبەڕووی ناوچەکە دەبێتەوە لەوانە، خوڵبارین، وشکەساڵی، به بیابانبوون و کەمبوونەوەی جۆراوجۆری بایۆلۆجیی و رێگاکانی رووبەڕووبوونەوەیان بەمەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی دیاردەی گۆڕانی کەشوھەوا و دابینکردنی ژینگەیەکی تەندروست و گونجاو بۆ مرۆڤایەتیی.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە ھەردوو وەزیر رێکەوتوون لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لە نێوان شاندی تەکنیکی عێراق و ئێران لە بەغدا بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەو ئاڵنگارییانەی کە لە داھاتوودا رووبەڕووی ھەردوو وڵات دەبێتەوە، ھەروەھا جەختیان لەسەر بەردەوامبوون و فراوانکردنی دیالۆگ کردووهتەوە بۆ ئەوەی وڵاتانی دیکەی ناوچەکەش بگرێتەوە.
ھاوکات باسیان لە پرسەکانی ئاو و پێشخستن و پەرەپێدانی سەرچاوەکانی ئاو کردووه بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ھەردوو وڵاتی دراوسێ بکات.
ئاماژە بەوەش دراوە کە وەزیری دەرەوەی عێراق و ھاوتا ئێرانییەکەی، سەبارەت بە دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکە و گرنگی ھەنگاونان بە ئاراستەی چارەسەری ئاشتیانە بە ئامانجی دەستەبەرکردنی سەقامگیریی و ئاسایش، ئاڵوگۆڕی بۆچوونەکانیان کردووه.