وەزیری دارایی عێراق لێدوان لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەدات

وەزیری دارایی عێراق رایدەگەیەنێت، نرخی بەرمیلێک نەوت لە پڕۆژەیاسای بودجەدا بە (65) دۆلار جێگیرکراوە و هیچ بەرنامەیەکیش نییە بۆ گۆڕینی بەهای دینار بەرامبەر بە دۆلار، جەختیش دەکاتەوە لەوەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کاتییە و پەیوەستە بە چەند رێوشوێنێکی بانکی ناوەندییەوە، بۆیە لەماوەیەکی نزیکدا بەهای دۆلار دەچێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.

تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراق (واع)ـی راگەیاندووە، تا ئێستا پڕۆژەیاسای بودجە نەنێردراوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران، بەڵام کارکردن لەسەر ئامادەکردنی بودجە بەردەوامە، بەجۆرێک لەئێستادا نرخی بەرمیلێک نەوت لە بودجەدا بە (65) دۆلار دانراوە و لەوانەشە بگاتە (70) دۆلار.

ئەوەشی ئاشکراکردووە، "قسەکردن سەبارەت بە سەپاندنی گەمارۆ و سنووردارکردنی کەرتی بانکی دوورە لە راستییەوە، بەڵکو پلاتفۆرم و سیستمێکی هاوبەش لە نێوان بانکی فیدراڵی و بانکی ناوەندی عێراقی هەیە دەبوو لە ساڵی (2018) جێبەجێ بکرایە، بەڵام ئێستا خراوەتە کار، خستنەگەڕی ئەو پلاتفۆرمەش هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلارە بەشێوەیەکی کاتی، بۆیە بەزووترین کات دۆخەکە دەچێتەوە باری ئاسایی".

وەزیری دارایی عێراق دەشڵێت، لە کارنامەی حکومەتدا چاکسازیکردن لەسەرجەم کەرتەکان گرنگییەکی زۆری پێدراوە و لەم کاتەشدا دەیانەوێت چاکسازی لە گومرگ، باج، سیستمی بانکی و چەندین بواری دیکەدا ئەنجام بدەن.