وەزیری دارایی: دەرئەنجامی گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەغداد بە دڵی هاووڵاتییان دەبێت
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • وەزیری دارایی: دەرئەنجامی گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەغداد بە دڵی هاووڵاتییان دەبێت

وەزیری دارایی: دەرئەنجامی گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەغداد بە دڵی هاووڵاتییان دەبێت

كانونی دووه‌م 31, 2023 20:40
وەزیری دارایی: دەرئەنجامی گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەغداد بە دڵی هاووڵاتییان دەبێت
0

لایک

وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم رایگەیاند، بە هەوڵی شاندی حکومەتی هەرێم، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا کە پارەی دوو مانگ بۆ هەرێم بنێرێت، جەختیش دەکاتەوە لەوەی کە لە گفتوگۆکانی ئەمجارە بەراورد بە جارەکانی دیکە، “تاڕادەیەکی زۆر گەشبینترین و دەرئەنجامی گفتوگۆکانیش بە دڵی هاووڵاتییان دەبن”.

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێم راگەیاندوە، “بابەتی نەوت، بودجە و پشکی هەرێم لە بەشەبودجەی 2023ـی عێراق، لەو بابەتانەن کە بۆی هاتووین. وەزارەتی دارایی عێراقیش لە تەواوی ساڵی 2022دا، تەنیا دوو مانگ پارەی بۆ هەرێمی کوردستان خەرجکردووە، بۆیە بەشێکی سەردانەکەمان تایبەت بوو بە داکۆکیکردن لە بەشەبوودجەی هەرێم، هەروەها ئەو کێشانەی کە پێشتر لەنێوان هەولێر و بەغدادا هەبوون، هەروەها کێشەی میلاکاتی فەرمانبەران، بابەتی خەرجی و داهاتمان بەتەواوەتی چارەسەر کرد.”

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کۆبونەوەکانیان گفتوگۆیان لەبارەی دۆسیەی نەوتەوە کردووە و هەنگاوی زۆر باشیان ناوە و تاڕادەیەک لێکتێگەیشتن لەنێوانیان هەیە. لەبارەی درەنجامی کۆبوونەوەکایشەوە رایگەیاندووە، “کۆکبوین لەسەر ئەوەی کە لە چوارچێوەی دەستوور و رێكکەوتنی سیاسی و بەرنامەی وەزاری حکومەتی نوێی عێراق، چارەسەر بۆ ئەو بابەتانە بدۆزینەوە”.

وەزیری دارایی و ئابووری دەڵێت، “وەکو وەزارەتی دارایی و ئابووری، بە فەرمی داوامان ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق کردووە، بۆ خەرجکردنی پشکی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق و لیژنەی ئابووریش باسمان لەوە کردووە و بەڵێنیان پێداین، کە لە ئەنجومەنی وەزیران پێشنیاری بکەن.دوای هەوڵەکانی شاندەکەش، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا کە پارەی دو مانگی هەرێم بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، ئێمەش هەوڵی زۆرمان داوە بابەتی بودجە و پشکی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مسۆگەر بکەن، بەشێوەیەک کە نەکەوێتە ناو کێشمەکێشی سیاسی و قۆزتنەوەی سیاسیش دژی هەرێمی کوردستان بکرێت.”

لەبارەی کەشی کۆبوونەوەکانیش، ئاوات شێخ جەناب کە ئەندامێکی شاندەکەی هەرێمە بۆ بەغداد ئەوەی خستوەتەڕوو، “دەرئەنجامی کۆبونەوەکان ئەرێنین و وەکو چۆن سێ ڕۆژە ئێمە بە ئەرێنی بینویمانە.”