وەزیری بازرگانی و پیشەسازی: نرخی پێداویستییە خۆراکییەکان هەرزان دەبێت

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ھەرێمی کوردستانی عێراق رایگەیاند، نرخی کەلوپەلی خۆراک هەرزان دەبێت بەھۆی چەند ھۆکارێک، ھاوکات کۆگاکانیشمان ئێستا بەجۆرێک پڕبوون لە خۆراک شوێنی خۆراکی دیکەمان نییە، بۆیە خۆراک بەرەو ھەرزان بوون دەچێت.

کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی رایگەیاند، "لەمەودوا ئارد و گەنم و خۆراک ھەرزان دەبێت، ئەمەش بەھۆی رێککەوتنی نێوان رووسیا و ئۆکراینا کە ئەوە کاریگەری لەسەر نرخەکان ھەبووە و ھێوربوونەوەی دۆخەکەش کاریگەری ھەبووە و ئەو ماددە خۆراکیانەی مانگانەش دەدرێت ئێستا بەردەوام دابەش دەکرێت و تا ئێستا شەش وەجبە دابەش کراوە و بەشێکی وەجبەی حەوتەمیش ھاتووە ئەوەش کاریگەری لەسەر نرخی کەلوپەل لە بازاڕ ھەیە".

وتیشی، "ھەڵگرتنی رسوماتی گومرگی لەسەر کەلوپەلی خۆراک کاریگەری ھەبووە و رێگەی لە بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک گرت، تاکو مانگی 9 بەردەوام دەبێت و دواتریش بەپێی پێویست حکومەت بڕیاری لێ دەدات".