وەزارەتی کشتوکاڵ پارەی گەنمی ئەو جوتیارانە دابەشدەکات کە زۆرترین گەنمیان رادەست کردووە

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بڵاویکردەوە، دەستدەکەن بە دابەشکردنی شایستە داراییەکانی ئەو جوتیارانەی زۆرترین گەنمییان رادەستی سایلۆکانی حکومەت کردووە.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق باسی لەوەشکرد، عەباس عەلیاوی، وەزیری کشتوکاڵ رێنمایی ئاراستەی کۆمپانیای (مابەین نەهرەین) کردووە بۆ خەرجکردنی پارە و شایستە داراییەکانی ئەو جوتیارانەی زۆرترین گەنمیان رادەستکردووە.

ئاماژەی بەوەشداوە، لەپاش لێکۆڵینەوە لە شایستە داراییەکانی ئەو جوتیارانە، کۆمپانیاکە هەڵدەستێت بە خەرجکردنی پارەی ساڵی 2022 جوتیارەکان.

بەپێی ئامارەکان، بەرهەمی گەنمی عێراق لەساڵی 2022 دا لەنێوان دوو ملیۆن و 500 هەزار بۆ سێ ملیۆن تۆن بووە.