وەزارەتی کارەبا: دەتوانین کارەبای هەر هاووڵاتییەک ببڕین کە قەرزارە

وتەبێژی وەزارەتی کارەبا رایدەگەیەنێت، هاووڵاتیان ترلیۆنێک دینار قەرزاری وەزارەتی کارەبان، دەشڵێت: بەپێی یاسا دەتوانن کارەبای هەر هاووڵاتییەک ببڕن کە قەرزەکەی ناداتەوە، بەڵام هیوادارن نەگاتە ئەو حاڵەتە.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاند، "لەئێستادا هاووڵاتیان زیاتر لە ترلیۆنێک دینار قەرزاری وەزارەتن، ئەو بڕە پارەیەش زۆرە و کێشەمان بۆ دروست دەکات."

وتیشی، "بەگوێرەی یاسا دەتوانین کارەبای هەر هاوبەشێک ببڕین کە قەرزەکەی ناداتەوە، بەڵام دۆخی دارایی هەمو هاوبەشانمان لەبەرچاوگرتوە، بۆیە تاوەکو ئێستا ئەو یاساییە جێبەجێ نەکراوە."

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر هەر هاوبەشێک یەکجار، دو بۆ سێ جار ئاگادار بکرێتەوە لەوەی قەرزەکەی بگەڕێنێتەوە و هیچ وەڵامی نەبێت، ئەو کاتە ناچارین ئەو یاساییە جێبەجێبکەین و کارەباکەی ببڕین، بەڵام هەمو هەوڵێک دەدەین نەگەینە ئەوە."

وتەبێژی وەزارەتی کارەبا باسی لەوەشکرد، "بە دوو رێگە هاوکاری هاوبەشانمان کردوە بۆ ئەوەی قەرزەکانیان بدەنەوە، یەکەم بەلێخۆشبوون لە بەشێک لە قەرزەکەیان، دووەم، بە گەڕانەوەی قەرزەکەیان بەشێوەی قیستیی مانگانە."