وەزارەتی پەروەردەی عێراق تاقیکردنەوەکانی خولی دووەم بۆ کاتێکی نادیار دوادەخات

بەهۆی خۆپێشاندانی لایەنگرانی سەدر لە ناوچەی سەوزی بەغداد و پارێزگاکانی دیکەی باشوور و ناوەڕاستی عێراق، وەزارەتى پەروەردەى عێراق تاقیکردنەوەکانى خولى دووەمى خوێندنى سەرەتایی و ناوەندیی بۆ کاتێکى نادیار دواخست.

وەزارەتى پەروەردەى عێراق رایگەیاند، بڕیاری داوە تاقیکردنەوەى وزاریى خولى دووەمى خوێندنى سەرەتایی و ناوەندى بۆ ساڵى خوێندنى 2021 - 2022 بۆ کاتێکى نادیار دوابخات.

لە راگەیێندراوەکەى وەزارەتى پەروەردەدا هاتووە، "ئەو بڕیارە بەهۆى ئەو دۆخە لەناکاوەیە کە وڵاتەکەمان پێیدا تێپەڕدەبێت و بڕیارەکە لەپێناو پاراستنى گیانى خوێندکاراندا بووە".

ئەمڕۆ 29ى ئابى 2022، موقتەدا سەدر، رێبەرى رەوتى سەدر، بڕیاریدا دەستبەردارى کارى سیاسى ببێت و بەدوایدا لایەنگرانى رەوتەکەى لە بەغداد خۆپێشاندانیان کرد و چوونە ناو کۆشکی کۆماریی عێراق لە ناوچەی سەوزی بەغداد.