وەزارەتی پێشمەرگە: پەكەكە هەمیشە سەرچاوەی هەڕەشە و سەرئێشە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان بووە

لەو كاتەی هەرێمی كوردستان دروست بووە پەكەكە هەمیشە سەرچاوەی هەڕەشە و سەرئێشە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان بووە و بە ناهەق رێگر بووە لە ئاوەدانكردنەوەی سەدان گوند

سەرۆکایەتی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە رونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، "ماوەی چەند رۆژە جارێكی تر میدیاكانی سەر بە پەكەكە دەستیان داوەتە هەڵمەتێكی چەواشەكاری لەدژی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و وای بڵاودەكەنەوە كە گوایە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ناوچەی چیاكانی ئامێدی و زاب رێگەیان بۆ سوپای توركیا خۆشكردووە بۆ شەڕكردن لە بەرانبەر چەكدارانی پەكەكە".

ئەوەش هاتووە، "لەو كاتەی هەرێمی كوردستان دروست بووە پەكەكە هەمیشە سەرچاوەی هەڕەشە و سەرئێشە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان بووە و بە ناهەق رێگر بووە لە ئاوەدانكردنەوەی سەدان گوند".

سەرۆکایەتی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمڕۆ یەکشەممە لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردووەتەوە، "ماوەی چەند رۆژە جارێكی تر میدیاكانی سەر بە پەكەكە دەستیان داوەتە هەڵمەتێكی چەواشەكاری لەدژی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و وای بڵاودەكەنەوە كە گوایە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ناوچەی چیاكانی ئامێدی و زاب رێگەیان بۆ سوپای توركیا خۆشكردووە بۆ شەڕكردن لە بەرانبەر چەكدارانی پەكەكە".

لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی دەستووری و سیاسییە و بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستانە، لەو كاتەی هەرێمی كوردستان دروست بووە پەكەكە هەمیشە سەرچاوەی هەڕەشە و سەرئێشە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان بووە و بە ناهەق رێگربووە لە ئاوەدانكردنەوەی سەدان گوند، لە هەمانكاتیشدا پەكەكە رێگەی بەخۆی داوە ناو و نیشانی ناوچە و چیا و دۆڵەكانی هەرێمی كوردستان بگۆڕێت و ناوی سەیر و سەمەرە و نامۆ بۆ ئەو ناوچانە دابنێت، هەروەها لە كردەیەكی نامرۆڤانە و دژە ژینگەییدا چەكدارانی پەكەكە هەستاون بە مینڕێژكردنی رێگەوبان و دۆڵ و كانیاو و دارستانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان كە مەترسییەكی زۆری بۆ خەڵكی ئاسایی و كاسبكار و گوندنشینەكان دروست كردووە. هەر بەهۆی بوونی نایاسایی پەكەكە لەسەر خاكی هەرێمی کوردستان بەشێكی زۆری خەڵكی ناوچە سنوورییەكان موڵک و ماڵی خۆیان بەجێهێشتووە".

جەخت لەوەکراوەتەوە، "پەكەكە شەڕی هێزەكانی توركیای پێ ناكرێت و بەردەوام ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان بۆ هێزەكانی توركیا چۆڵ دەكات و هێزەكانی توركیا بەدوای خۆیاندا دێنن، ئەوە لە حاڵێكدایە ئەگەر ململانێ و شەڕێكیش لەنێوان توركیا و پەكەكە هەبێت ئەوە گۆڕەپانی شەڕ دەبێ لەناوخۆی توركیا بێت".

سەرۆکایەتی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی روونکردووەتەوە، "میدیاكانی پەكەكە لە دوورەوە وێنەی چەند ئۆتۆمۆبیلێكی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان بڵاوكردووەتەوە و بانگەشەی ئەوە دەكەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان رێگەی بۆ هێزەكانی توركیا خۆش كردووە، وێڕای ئەوەی جەخت لەوە دەكەینەوە كە ئەو بانگەشانە هیچ بنەمایەكی نییە، راشیدەگەیێنین هێزی پێشمەرگەی كوردستان مافی خۆیەتی لەسەر خاكی خۆی مومارەسەی دەسەڵات و ئەركەكانی خۆی بكات و پارێزگاری لە خاک و خەڵكی كوردستان بكات. بەڵام پرسیار ئەوەیە هێزەكانی پەكەكە بە چ حەقێک لەسەر خاكی هەرێمی كوردستانن و دەستی هێزەكانی توركیاش بەدوای خۆیاندا رادەكێشن؟ بۆچی ناچنەوە ناوخۆی توركیا و هەڕەشە و سەرئێشە بۆ خەڵكی كوردستان دروست دەكەن".