وەزارەتی پێشمەرگە: رێگە نادرێت چیتر ئاسایش و ئارامی خەڵک تێک بچێت

شانەی راگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگە راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تیایدا هاتووه‌، پاراستنی ئاسایش و ئارامی خەڵک و خاک ئەرکی لەپێشینەی هێزەکانی پێشمەرگەیە.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوەکە:

دوێنێ پێنج شەممە 26ی ئایاری 2022، لە دوو رووداوی جیادا، بە چەکی قەناس هێرش كرایە‌ سەر هێزەکانی پێشمەرگە و بەهاوەن گوندەکانی ناوچەکە بۆردوومان كرا، بەم شێوەیە:

یەکەم: بەچەکی قەناس هێرش کراوەتە سەر سەنگەرێکی لیوای چواری پیادە لە گوندی کانی ماسی و پێشمەرگەیەک بە ناوی( ن.ع/ محمد فازل محمد) بریندار بوو.

دووەم: لەکاتی هاوەن بارانکردنی ناوچەکانی بامەڕنێ گولـله‌ هاوەنێک لەگوندی ئەرەدنا لە ناوچەی بامەڕنێ، لە قەزای ئامێدی پارێزگای دهۆک، کەوتووه‌ته‌ خوارێ، لە ئەنجامدا، دوو هاووڵاتی بە ناوەکانی (یوسف کۆڤان حاجی، ئەڤەند هۆشیار)، شەهید بوون و دوو هاووڵاتیش بریندار بوون.

ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنین کە؛ هێزەکانی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان نیگە‌رانن لە‌و كردە‌وانە‌ و دەبێت هەموو لایەک تێبگەن کە؛ پاراستنی ئاسایش و ئارامی خەڵک و خاکی کوردستان ئەرکی لەپێشینەی هێزەکانی پێشمەرگەیە و سازش ناكە‌ن لە‌جێبە‌جێ كردنی ئە‌و ئەر‌كە‌یان.

هیوادارین ململانێکانی سەرسنوورەکان چیتر پەل بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە نەهاوێژێت و پەکەکەش لەو ناوچەیە هەوڵ نەدەن ئارامی و ئاشتەوایی هێزەکانی پێشمەرگە بقۆزنەوە، چونکە رێگە نادرێت چیتر لەم ناوچانەدا ئاسایش و ئارامی خەڵک تێک بچێت و گیانی هاووڵاتیان و پێشمەرگە بکەوێتە مەترسییەوە.

شانەی راگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگە

26ی ئایاری 2022