وەزارەتی پێشمەرگە روونکردنەوە لەبارەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەی ئەمڕۆی قەرەچووغ بڵاوکردەوە

ئەمڕۆ سێشەممە، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لەنێوان هەردوولا لە چیای قەرەچووغ دەستی پێکرد

لە چوارچێوەی پەرەپێدان بە هەماهەنگی و پەیوەندی و هاوکارییەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق، به‌یانی ئەمڕۆ سێشەممە، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لەنێوان هەردوولا لە چیای قەرەچووغ دەستی پێکرد.

لەم ئۆپەراسیۆنەدا، هەریەک لە هێزەکانی میحوەری شەش و یەکەیەکی زێرەڤانی و هێزێکی دژەتیرۆر و چەند یەکەیەکی تری هێزی پێشمەرگە و فیرقەکانی 14 و 16 و یەکەیەکی دژەتیرۆری عێراقی، بە پشتیوانی فڕۆکەوانی هێزی ئاسمانی و فڕۆکەوانی سوپای عێراقی، بەشدارییان تیادا کردووە.

ئەم ئۆپەراسیۆنە لەچوارچێوەی کاری هاوبەشی نێوان هێزەکانی فیدڕاڵی و هێزەکانی پێشمەرگە هاتووەتە دی، بەرهەمی لەیەک تێگەیشتنە ئەمنییە هاوبەشەکانی هەردوولایە، بۆ مەبەستی لەناوبردن و تێکشکاندنی چەکدارانی داعش لە ناوچەکەدا.