وەزارەتی پێشمەرگە: ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانی عێراق بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات

ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە گەرمیان بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهاتووە

ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-08-2022، شانەی راگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگە، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە، کە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە گەرمیان بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێهاتووە.

دەقی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە:

ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانی عێراق لە گەرمیان بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات.

لە درێژەی هاوکاری و هەمانگییە هاوبەشەکانی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپا و هێزە ئەمنیەکانی عێراق، دوای ئەنجام دانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە و لەیەک تێگەیشتن لەنێوان هەردوولادا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ١٨ی ئابی ٢٠٢٢، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپا و هێزە ئەمنیەکانی عێراق لە سنوری میحوەرەکانی ١ و ٢ و ٣، لە ناوچەی گەرمیان ئەنجام درا، کە تیایدا لیواکانی پیادەی ٣و ٥ و ١٧ی وەزارەتی پێشمەرگە بەشدار بوون.

لە دەرئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا، تەواوی ئەو ناوچانە کێوماڵ کران، کە لە پلانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا دانرابوو، هێزەکان تەواوی ناوچەکانیان پشکنی و کێو ماڵی دەڤەرەکەیان بە تەواوەتی کرد، دەرئەنجام ئۆپەراسیۆنەکە، لەکاتی دیاری کراودا سەرکەوتووانە کۆتایی پێهات.
شایانی باسە، هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانی عێراق، لەماوەی رابردووشدا چەندین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان لەو ناوچانەدا ئەنجام داوە، کە کەوتۆتە ناوچەی ئەمنی هاوبەش لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنیەکانی عێراق، لە ئێستادا بەشێکی زۆری ئەم ناوچانە لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزە ئەمنیەکان دان.

شانەی راگەیاندن و هۆشیاری پێشمەرگە

١٨ی ئابی ٢٠٢٢