وەزارەتی نەوتی عێراق نرخی نەوتی سپی بۆ هەرێم دیاریدەکات

وەزارەتی نەوتی عێراق لە نوسراوێکدا حکومەتی هەرێم ئاگادار دەکاتەوە کە ئامادەیە نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیانی هەرێم دابین بکات بەنرخی 750 دینار بۆ هەر لیترێک، بەو شێوەیەش بەرمیلێک نەوتی سپی بە 160 هەزار دینار لەسەر هاووڵاتیانی هەرێم دەوەستێت.

کاروان یاروەیس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق نوسراوێکی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵی بڵاوکردووەتەوە کە ئاڕاستەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی لە بەغداد کردووە، لەو نوسراوەدا کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق رایگەیاندووە، بەرمیلێک نەوتی سپی بە 150 هەزار دینار دەدات بە هاووڵاتیانی هەرێم کە لیتری دەکاتە 750 دینار و بەکرێی گواستنەوەوە، دەگاتە 160 هەزار دینار.

یاروەیس ئاماژەی بەوەش دەکات، "ئەم نرخە نرخی تیجاریە و بۆ هاووڵاتیانی هەرێم بارگرانییە، بۆیە هەموو هەوڵێکمان لە ئەنجومەنی نوێنەران و فراکسیۆنی یەکێتی دەخەینەگەڕ دەبێ چۆن بە هاووڵاتیانی پارێزگاکانی تری عێراق دەفرۆشرێت، واش نەوت بفرۆشرێ بە هاووڵاتیانی هەرێم".

جێی باسە، دوێنێ کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت رایگەیاند، دابەشکردنی نەوت لە ناوچە شاخاوییەکان کاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخ هەبووە و پرۆسەکەش ئێستا لە هەموو هەرێم بەردەوامە، هەرکاتێکیش بەغداد نەوتی سپی نارد، "بەو بڕ و نرخەی کە دەینێرێت بەسەر هاووڵاتیان دابەشی دەکەین".