وەزارەتی نەوتی عێراق داهاتی هەناردەی نەوتی مانگی رابردووی راگەیاند

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، ئاستی هەناردەی نەوتی لە عێراق لە مانگی رابردوودا زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار بووە.


ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی نەوت کۆی هەناردە و داهاتی بەدەست هاتووی بۆ مانگی تشرینی دووەمی راگەیاند، بەپێی ئاماری کۆتایی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ).

وەزارەتی نەوت لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆی گشتی هەناردەکردن و داهاتی بەدەست هاتوو بۆ مانگی تشرینی دووەمی رابردوو بڕی (99) ملیۆن و (868) هەزار و (29) بەرمیل هەناردەکردنی نەوتی خاو بووە.

دەشڵێت، "داهاتەکانیش بڕی (8) ملیار و (189) ملیۆن و (602) هەزار دۆلار بووە."

باس لەوەشکراوە، کۆی بڕی هەناردەکراوی نەوتی خاو بۆ مانگی تشرینی دووەمی رابردوو لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بڕی (97) ملیۆن و (204) هەزار و (696) بەرمیل بووە.

لەکاتێکدا بڕی هەناردەکراوی نەوتی کەرکووک لە رێگەی بەندەری جیهانەوە دوو ملیۆن و (363) هەزار و (20) بەرمیل بووە."

ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کە نرخی هەر بەرمیلێک بە 82 دۆلار خەمڵێندراوە.