وەزارەتی شارەوانی راگەیەندراوێکی لەبارەی بڕیاری لێخۆشبوونی قەرزەکان بڵاوکردەوە

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم رایگەیاند، "بڕیاری لێخۆشبونی قەرزەكانی ئاو و شارەوانی و گەشتوگوزار و شوێنەوار درێژ ناكرێنەوە".

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم رایگەیاند، "بڕیاری لێخۆشبونی قەرزەكانی ئاو و شارەوانی و گەشتوگوزار و شوێنەوار درێژ ناكرێنەوە".

ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە "بە گوێرەی نوسراوێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كە ئاراستەی سەرجەم دامودەزگاكانی گەشتوگوزار و ئاو و ئاوەڕۆ و سەرۆكایەتییەكانی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتییەكانی شارەوانی لە پارێزگە و شارۆچكە و یەكە سەربەخۆكان لە هەرێمی كوردستان كراوە، ئەو دامودەزگایانە ئاگادار كراونەتەوە دوا وادە بۆ لێخۆشبوونی ڕێژەی  15٪ـی قەرزەكانی ئاو، گەشتوگوزار، شارەوانی، شوێنەوار كە لەلای هاووڵاتیانە تاوەكو 6-6-2022 دیاریكراوە و لەم ڕێكەوتە بەدواوە درێژ ناكرێتەوە".

روونیشیکردوەتەوە، ئەو هاووڵاتیانەی قەرزی حكومەتیان لایە، لە سێكتەرەكانی ئاو، شارەوانی، گەشتوگوزار و شوێنەوار، پێویستە لە ماوەی ئەو چەند ڕۆژەی ماوە، سەردانی دامودەزگاكانی شارەوانی، ئاو، گەشتوگوزار و شوێنەوار بكەن بۆ ئەوەی لە بڕیارەكە سوودمەند بن، بە پێچەوانەوە دوای وادەی دیاریكراو، هیچ داشكاندێك نایانگرێتەوە و بڕیارەكەش درێژ ناكرێتەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، دامودەزگاكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئاگادار كراونەتەوە لە ماوەی ئەو 12 ڕۆژەی لەبەردەم بڕیارەكەدا ماوە، پێویستە بە هەموو شێوەیەك ئاسانكاری بۆ هاووڵاتییان بكەن كە مامەڵەی گەڕاندنەوەی قەرزەكانیان و سوودمەندبوون لە بڕیاری لێخۆشبون دەكەن، هاوكاری بكرێن و ئاسانكاری پێشكەش بكەن.