وەزارەتی سامانە سروشتییەکان: بەنزینی نۆڕماڵ بە کوالێتییەکی زۆر باشتر گەیشتە بەنزینخانەکان

ئەمڕۆ سێشەممە 23-08-2022، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، دوای هەوڵێکی زۆر بەرھەمی بەنزینی جۆری نۆڕماڵ بە کوالێتییەکی زۆر باشتر گەیشتە بەنزینخانەکان.

لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بە گەیشتنی بڕێکی زۆری بەنزینی نۆڕماڵی کوالێتی باش کردووە بۆ بەنزینخانەکان و رایگەیاندووە، "لێژنەکانی بەدواداچوون و چاودێری بەنزینخانەکان لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی پارێزگاکان ھەوڵەکانیان چڕتر دەکەنەوە بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردن و پاراستنی خەسڵەت و کوالێتی بەنزین، ھەر بەنزینخانەیەکیش دەستکاریی خەسڵەتی بەنزین بکات یاخود بەنزین بەکوالێتی خراپ و دوور لە جێبەجێکردنی رێنماییەکان بفرۆشێت سزا دەدرێت و سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمار دەکرێت لەرێگەی داواکاری گشتییەوە".

ئەوەش هاتووە، "وەزارەتەکەمان لە نوێترین هەوڵەکانی بۆ رێکخستنی بازاڕی بەنزین، توانیویەتی 2 ملیۆن و 500 ھەزار لتر بەنزین بەکوالێتی زۆر باش، رۆژانە دابین بکات و کوالێتی بەنزین باشتر بکات.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان سەرنجی خستووەتەسەر ئەوەی کە لە ماوەکانی پێشتر لە رێگەی دابینکردنی بەنزینی جۆری نۆڕماڵ بە نرخی پاڵپشتیکراو، رێگەمان گرت لە بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، وەزارەتەکەمان توانیوویەتی رۆژانە بە دابینکردنی 2.5 ملیۆن لیتری بەنزینی نۆڕماڵ، نرخەکەی دابەزێنێت و ئێستاش کوالێتییەکەی باشتر کردووە، ھەوڵەکانیش بەردەوامن بۆ زیادکردنی بڕی بەنزینی پێویست بەکوالێتی زۆر باش.