ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، هاوخەمی گەلی تورکیاین لە رۆژێکی سەختی وەکو ئەمڕۆ لە کارەساتی تەقینەوەی کانە خەڵووزەکەی بارتین.
وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، “کۆماری عێراق بە حکومەت و گەلەکەیەوە هاوخەمی خۆی بەرامبەر کۆماری تورکیا و گەلەکەی دەردەبڕێت، لە کاتێکدا وڵاتی برا بە رۆژێکی سەختدا تێدەپەڕێت”.
ئەوەش هاتووە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی دامەزراوەکانی تورکیا و حکومەت و گەلەکەی دەکات و داواکارە گیان لەدەستداوان بەر میهرەبانی خودا بکەون و بریندارانیش لە زووترین کاتدا چاکببنەوە.
جێی باسە، شەوی رابردوو، بەهۆی دزەکردنی گازی میسان تەقینەوەیەک لە کانە خەڵووزێکی شاری بارتین لە پارێزگای ئەماسیا هاتووەتە کایەوە و تائێستاش بەمهۆیەوە 40 کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش بریندارن.