وەزارەتی دارایی: هەر فەرمانبەرێک بڕوانامەی بەرز بەدەست بهێنێت دەرماڵەی بڕوانامەکەی بۆ خەرج دەکرێت

وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم رایگەیاند، هەر فەرمانبەرێک لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەکاندا بڕوانامەی بەرزتری بەدەستهێنابێت، دەرماڵەی بڕوانامەکەی بۆ خەرج دەکرێت بەبێ ئەوەی پلەی وەزیفی بگۆڕدرێت، تا ئەو کاتەی ئەنجومەنی وەزیران رێنمایی بۆ پلە بەرزکردنەوە بڵاودەکاتەوە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم لە نوسراوێکدا کە ئەمڕۆ 15ی تشرینی دووەمی 2022، واژۆی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووری لەسەرە، تیایدا باس لەوەکراوە، هەر فەرمانبەرێک لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییە بەركارەكان بڕوانامەی بەرزتر بەدەست بهێنێت، بڕوانامەكانیان هەموار دەكرێتەوە و دەرماڵەی بڕوانامەیان بۆ خەرج دەكرێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، خەرجکردنی دەرماڵەی بڕوانامە بەبێ گۆڕینی ناونیشان و پلەی وەزیفی دەبێت، تا ئەوكاتەی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بڕیار لەسەر (پلە بەرزكردنەوە) دەدرێت.