وه‌زاره‌تی دارایی عێراق روونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌باره‌ی خه‌رجی و داهاته چاوه‌ڕوانكراوه‌كان له چوارچێوه‌ی بودجه‌ی ساڵی 2023 بڵاوكرده‌وه و تیایدا هاتووە، “سه‌رجه‌م ئه‌و زانیاریانه‌ی له‌باره‌ی پرۆژه‌یاسای بودجه‌وه بڵاوكراونه‌ته‌وه دوورن له راستیه‌وه”.
وه‌زاره‌تی دارایی له روونكردنه‌وه‌یه‌كدا ئاماژەی بەوەکردووە، چاودێری زۆرێک له زانیارییه ناڕاست و هه‌ڵه‌كانی كردووه كه له پێگه‌كانی سۆشیال میدیادا بڵاوده‌كرێنه‌وه سه‌باره‌ت به قه‌باره‌ی خه‌رجییه‌كان و داهاته چاوه‌ڕوانكراوه‌كان له چوارچێوه‌ی ره‌شنووسی یاسای بودجه‌ی گشتی بۆ ساڵی 2023.
روونیشکراوەتەوە، “ئه‌م زانیاریانه له كۆمه‌ڵێک پێشنیار زیاتر نین كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌كان و لایه‌نه ناپه‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه خراونه‌ته‌ڕوو، به‌هیچ جۆرێک ئه‌و زانیاریانه‌ی بڵاوكراونه‌ته‌وه سیغه‌ی كۆتایی ناوه‌ڕۆكی یاسای بودجه نیین”.
وه‌زاره‌تی دارایی راشیگەیاندووە، “تائێستاش پرۆژه‌ی یاسای بودجه له قۆناغی ئاماده‌كاریدایه، گفتوگۆش له‌وباره‌یه‌وه به‌رده‌وامه له‌گه‌ڵ لایه‌نه فه‌رمییه جیاوازه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به ته‌واوكردنی یاسای بودجه كه پرۆگرامی حكومی له‌خۆگرتووه و ئه‌و پرۆگرامه‌ش له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه په‌سه‌ندكراوه، كار له‌سه‌ر ئاماده‌كردنی ره‌شنووسی كۆتایی پڕۆژه‌كه ده‌كرێت و دواتر پێشكه‌شی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بكرێت بۆئه‌وه‌ی گفتوگۆی له‌باره‌وه بكرێت و په‌سه‌ند بكرێت، پاشانیش ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكرێت”.