وەزارەتی بازرگانی: تائێستا ملیۆنێک تۆن گەنم بەبازاڕکراوە

وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، بڕی گەنمی بەبازاڕکراوی جووتیاران بۆ وەرزی ئەمساڵ گەیشتووەتە نزیکەی ملیۆنێک تۆن، کە زۆرترین بڕە گەنم لە پارێزگای واست هاوردەکراوە.

محەمەد حەنون، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی دانەوێڵە رایگەیاند، کۆی بەبازاڕکردن لەمساڵدا گەیشتووەتە 924 هەزار و 656 تۆن، ئەوەشی ئاشکراکرد، وەرزی بەبازاڕکردن لەئەمساڵدا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و چەندین ئاسانکاری بۆ جووتیاران و باخەوانان کراوە تاکو بەرهەمی گەنمەکانیان بێ کێشە بەبازاڕ بکەن.

حه‌نون ئەوەشی ئاشکراکرد، بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بە زیادکردنی نرخی کڕینەوەی گەنمی جووتیاران بۆ 850 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک، کاریگەری لەسەر زیادکردنی ئاستی بەبازاڕکردنی گەنمی جووتیاران هەبووە وتیشی ئەو هەوڵە رەنگدانەوەی ئەرێنی لەسەر سەرکەوتنی وەرزی بەبازاڕکردنی ئەمساڵ دەبێت.