وەزارەتی ئەوقاف لەبارەی گرانبوونی نرخی حەج روونکردنەوە دەدات

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێم رایگەیاند، هۆکاری گرانتربونی نرخی پرۆسەی حەج لە هەرێم بەراورد بە عێراق بۆ هەشت هۆکار دەگەڕێتەوە، لەوانەش شوێنی مانەوە و خزمەتگوزارییەکانی حاجیانی هەرێم بەرزترە بەراورد بە حاجیانی دیکەی عێراق.

وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێم رایگەیاند، هۆکاری گرانتربونی نرخی پرۆسەی حەج لە هەرێم بەراورد بە عێراق بۆ هەشت هۆکار دەگەڕێتەوە، لەوانەش شوێنی مانەوە و خزمەتگوزارییەکانی حاجیانی هەرێم بەرزترە بەراورد بە حاجیانی دیکەی عێراق.

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، دەستەی حەجی فیدڕالی لە بودجەی گشتی وڵات پارەی بۆ تەرخانکراوە و بەشی وەبەرهێنانیشی هەیە، ئەو دوو هاوکارییەش لە هەرێم نین بۆیە نرخی حەج گرانترە.

دەقی رونکردنەوەکەی وەزارەتی ئەوقاف:

ڕونکردنەوەیەک لەسەرۆکی لێژنەی دابینکردنی خزمەتگوزاریەکانی پرۆسەی حەج  سەبارەت بەنرخ و تێچووی پرۆسەی حەجی ئەمساڵ 2022 سەرۆکی، لێژنەی خزمەتگوزاریەکانی حاجیانی هه‌رێمی کوردستان ئەم خاڵانە دەخاتە روو

یەکەم:

شوێنی مانەوەی حاجیان (زۆر نزیکتر) لەشوێنی حاجیانی عێراق دابینکراوە بەشێوەیەک نزیک حەرەمی پیرۆزەو پاک وخاوێن و  بەکوالێتیەکی باش، حاجیان بەئاسانی دەتوانن ھاتوچۆ بکەن ئەمەش نرخی لەگەڵ شوێنێکی دوورە دەستی بێ کوالێتی دەگۆرێ و جیاوازە.

دووەم:

نرخی پلیتی فرۆکەی  گواستنەوەی ھەرحاجیەکی ھەرێمی کوردستان لەفرۆکەخانەکانی ھەولێر سلێمانی بڕی (100) دۆلار لەفرۆکەخانەکانی عێراق گرانترە.

سێ یەم:

توانیومانە لەئەمساڵدا سێ ژەم خواردنی شایستەو گونجاو بۆ حاجیانی کوردستان (بەمینیۆی دەوڵەمەندو ھەمەجۆر) دابین بکەین لەکاتێکا لەعێراق تەنیا دوو ژەم خواردن دابین کراوە.

چوارەم:

 سەبارەت بەچارەسەری پزیشکی حاجیان لیژنەکەمان توانی بۆ یەکەمجار گرێبەست لەگەڵ باشترین کۆمپانیای دابینکردنی دەرمانی کوالێتی بەرزی سعوودیە بکات جیاواز لەساڵانی ڕابردوو.

پێنجەم :

لەو بڕەی پارەیەی کەدەکاتە (4700) دۆلاری حاجیانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ بری ( 3397) دۆلار دەچێتەسەرحسابی دەستەی باڵای حەجی عێراق لەبەرامبەر ھۆتێل و مانەوەی حاجیان لەمەدینەی پیرۆز گواستنەوەو تێچووی( المطوفينى سعوديه) واتە لەوبڕە تەنیا( 1300) دۆلار ، بۆئەم ھەمو خزمەتگوزاریانەی خوارەوە لەلایەن لێژنەی ئێمە لەمەککەی پیرۆز بۆ گرێبەستی ھۆتێل و تەندروستی و ھاتوچۆ و دابینکردنی خواردن و دەرمان تەرخانکراوە.

شەشەم:

دەستەی باڵای حەجی عێراق وێرای پارەی حاجیانی خۆیان ھاوکاری (نفقات الحاکمە) یان ھەیەو بودجەی تایبەتیان بۆدابین دەکرێ، ھەروەھا دەستەی حەجی عێراق وەبەرھێنان لەپرۆسەی عومڕەدا دەکەن، لەکاتێکدا ھەرێمی کوردستان لەم بودجەو ھاوکارییە بێ بەشکراوە.

حەوتەم:

بەڕێزان لە لێژنەی ئەوقافی پەرلەمانی کوردستان، زانیاریان هەیە لەسەر پڕۆسەی حەج لە ساڵانی ڕابردوو کە خەرجی دووری و نزیکی ھۆتێل لەمەککەی پیرۆزچەندەجیاوازی هەیە بۆ مانەوەی حاجیان.

هەشتەم:

لیژنەی ئەوقافی پەرلەمانی کوردستان و ھەرلایەنێک هەر کاتێک بیانەوێت دەتوانن ناوەڕۆکی گرێبەستەکانی تایبەت بە بواری حەج لە بەڕێوەبەایەتی گشتی حەج و عومڕە ببین کە واژۆکراون.

لە کۆتایدا ئێمە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی وەکو ئەرکێکی نەتەوایەتی و ئایینی خۆمان لە هەمو لایەک بە بەرپرسیارتر و پەرۆشتر بۆ ئەم پرۆسەیە دەبینین بۆ خزمەتکردنی حاجیانی هەرێمی کوردستان، بۆیە داوا لە هەموو لایەک دەکەین ئەم پرۆسە ئایینیە پیرۆزە تێکەڵ بە ململانێی سیاسی و مزایەدەی سیاسی نەکرێت.

زیندین مولود سورچی

بریکاری وەزارەت

سەرۆکی لێژنەی خزمەتگوزاریەکانی پرۆسەی حەج

٣١⁄٥⁄٢٠٢٢