وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ژماره‌یه‌ک رێكاری به‌په‌له بۆ رێگریكردن له‌بڵاوبوونه‌وه‌ی تای خوێنبه‌ربوون ده‌گرێته‌به‌ر
د. سامان به‌رزنجی وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند، بۆ رێگریكردن له سه‌رهه‌ڵدان و بڵاوبوونه‌وه‌ی ترسناكترین نه‌خۆشی گواستره‌وه‌ی نێوان ئاژه‌ڵ و مرۆڤ به‌ناوی په‌تای خوێنبه‌ربوون، ژماره‌یه‌ک رێكاری به‌په‌له‌ی ته‌ندروستی ده‌گرنه‌به‌ر.
د. سامان به‌رزنجی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه، "له‌پێناو كۆنتڕۆڵكردن و نه‌خشه‌ڕێگای خۆپارێزی له‌و نه‌خۆشیه ترسناكه‌ی له عێراقدا راگه‌یاندراوه، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێم چه‌ندین رێكار و پلان ده‌ستپێده‌كات بۆ پاراستنی هه‌رێمی كوردستان له‌و په‌تایه".
له‌نوسراوێكیشدا كه ئاراسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه گشتیه‌كانی ته‌ندروستی له پارێزگاكانی هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆک، هه‌ڵه‌بجه و ئیداره‌كانی گه‌رمیان و راپه‌رین و قه‌زای كۆیه كراوه تێیدا هاتوه، "پێویسته كه‌ره‌سته‌ی خۆپارێزی له‌به‌ربكرێت و رێكاری پێویست په‌یڕه‌وبكرێت بۆ پاراستنی گیانی ستافی ته‌ندروستی، هه‌روه‌ها نه‌خۆشیش له‌قاوشی نه‌خۆشیه گوازراوه‌كان دابنرێت".
هه‌ر به‌گوێره‌ی نوسراوەکە، حاڵه‌تی گومانلێگكراو به‌هه‌ریه‌ک له نیشانه‌كانی (سه‌رئێشه، پشت ئێشه ئازار له‌جومگه‌كان، ژانه‌سک و رشانه‌وه) له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی جیا ده‌كرێنه‌وه.
له‌نوسراوێكیشدا كه ئاراسته‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاوی كردووه، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی رایگه‌یاندوه، "پاش ده‌ركه‌وتنی ژماره‌یه‌ک حاڵه‌تی نه‌خۆشی تای خوێنبه‌ربوون كه نه‌خۆشیه‌كی هاوبه‌شه له‌نێوان مرۆڤ و ئاژه‌ڵ، له‌ناوه‌ڕاست و خواروی عێراق، به‌پێویستی ده‌زانین هه‌وڵه‌كان چڕبكه‌ینه‌وه له‌نێوان هه‌ردوو وه‌زاره‌ت بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێكی نه‌خوازراو".