وتەبێژی ئەوقاف: بۆ دیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژن، پشت بە هیچ وڵاتێک نابەستین

رۆژی شەممە بە سەیری مانگ بڕیاری کۆتایی لەمبارەیەوە دەدرێت

نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێم بڵاویکردووەتەوە، "بۆدیاریکردنی یەکەم رۆژی جەژنی رەمەزان پشت بە هیچ وڵات و دەزگایەکی فەلەکی نابەستین، پەیوەندیمان لەگەڵ وەقفی سوننی عێراق هەیە و کۆبوونەوەی بەردەواممان لەگەڵ ئەوان ھەیە، بڕیاری تایبەت بە خۆمان ھەیە و پشت بە خۆمان و بەڵگە شەرعییەکانی خۆمان دەبەستین".

وتیشی، "ئەوەی دەوترێت فڵانە رۆژ جەژنە راست نییە، چونکە ئێمە پشت بە بەڵگە شەرعییەکان دەبەستین، نەک ئەوەی باسی لێوە دەکرێت، فەلەکناسییە یان شوێنی دیکە و لێژنەی باڵای بینینی مانگ بڕیار دەدات، بۆ ئەمساڵیش تائێستا دیارنییە، ئەم مانگە سی رۆژ دەبێت، یان بیست و نۆ رۆژ".

جەختی لەوەشکردەوە، "رۆژی شەممە لێژنەی باڵای بینینی مانگ لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف بە ھەماھەنگی لەگەڵ لێژنە لاوەکییەکان لە پارێزگاکان بۆ دیاریکردنی ڕۆژی جەژن کۆ دەبێتەوە و ئەگەر مانگ بیندرا، رۆژی یەکشەممە دەبێتە جەژن و ئەگەر نەبیندرا مانگی رەمەزان سی رۆژ دەبێت و رۆژی دووشەممە دەبێتە جەژن".

لەهەرێم و زۆرینەی وڵاتانی جیهان بە پشتبەستن بە بینینی مانگ02-04-2022 بەیەکەمین رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆز دیاریکرا.