وتەبێژى حکومەتى هەرێم: بۆ دابینکردنى مووچە قەرزمان کردووە

وتەبێژى حکومەتى هەرێم، ناوەڕۆکى کۆبونەوەکەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیرانى خستەڕو و رایگەیاند، لە کۆبونەوەکەدا ئەنجومەنى وەزیران بەتوندى هێرشەکانى سەر هەولێر ئیدانە کرد و داواى پێکهێنانى لیژنەیەکى نێودەوڵەتى دەدات بۆ گەیشتن بە راستییەکان. دەشڵێت، بۆ دابینکردنى مووچەى مانگەکانى پێشوتر قەرزمان کردووە.

لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا، جوتیار عادل، لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆى ئەنجومەنى وەزیران باسى لەوەکرد، لە کۆبوونەوەکەدا کە تەوەرى یەکەم تایبەت بووە بە یادى (34) ساڵەى هەڵەبجە و داواکارییەکانى پارێزگاکە، تێیدا کێشە و گرفتە ئیدارى و داواکارییەکانى هەڵەبجە بۆ پێکهێنانى هەیکەلییەتى ئیدارى خرایەڕوو.

وتیشى،" ئەنجومەنى وەزیران بڕیاریداوە، لیژنەیەک لە وەزارەتەکان رابسپێرێ بۆ لێکۆڵینەوە لە کێشە و گرفتەکانى پارێزگاکە و چارەسەرکردنى کێشەکانیان، بەتایبەت لەروى ئیدارییەوە".

جەختیشى کردەوە، بەپێى دەستور بەرپرسیارێتى تاوانى هەڵەبجە لەسەر دەسەڵاتدارانى عێراقە و پێویستە حکومەتى ناوەندى بەرپرسیاربێت بۆ قەرەبوکردنەوەى هەڵەبجەییەکان.

لەبارەى تەوەرى دووەمى کۆبوونەوەکەش کە تایبەت بووە بە هێرشە موشەکییەکەى سەر هەولێر، جوتیار عادل وتى،" ئەنجومەنى وەزیران وێڕاى ئەوەى بە توندى ئیدانەى هێرشەکەى دەکات، پێویستە عێراق و کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى رێگربن لە ئەنجامدانى ئەو هێرشانە".

ئاماژەى بەوەشکرد، حکومەتى هەرێم هەمو تۆمەتەکان لەبارەى ئەنجامدانى هێرشەکان رەتدەکاتەوە و داواش دەکات لیژنەیەکى نێودەوڵەتى کە لە نوێنەرانى نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمکارى عەرەبى و حکومەتى عێراق و کۆمارى ئیسلامى ئێران و بەهاوبەشى حکومەتى هەرێم پێکبهێنرێت بۆ دەرخستنى راستییەکان.

ئاشکراشى کرد، ئەنجومەنى وەزیران وەزارەتەکانى راسپاردوە بەپێى تایبەتمەندییەکان بەرپرسیارێتى وەڵامدانەوەى داواکانى خەڵک بگرنە ئەستۆ و خزمەتى زیاترى هاوڵاتیان بکەن، دەسەڵاتى پێویستیش بۆ ئەو مەبەستە دەدرێت بە وەزارەتەکان.

لەبارەى مووچەى فەرمانبەرانیشەوە وتەبێژى حکومەتى هەرێم، دڵنیایدا لە کە پارەى پێویست دابینکراوە بۆ دابەشکردنى موچەى مانگى شوبات و دابەشکردنى موچەش بەردەوام دەبێت.

جوتیار عادل، ئاشکراشى کرد، حکومەتى هەرێم بۆ دابینکردنى موچەى مانگەکانى رابردوو، قەرزى کردووە و هەر بڕە پارەیەکیش بێتە خەزێنەى حکومەت ئامادەى دەکەین بۆ دابەشکردنى مووچە.

لەبارەى (200) ملیار دینارەکەى بەغدادەوە رایگەیاند، ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم پەسەندى کردووە و هیوادارین بە زوترین کات بخرێتە سەر هەژمارى هەرێم.