وادەی یەکەم شەپۆلی بارانبارین راگەیەندرا

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم پێشبینی دەکات رۆژی پێنجشەممە 22ـی ئەیلوول یەکەم باران لە وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ دەستپێبکات؛ بەپێی وتەی کەشناسی، پلەکانی گەرما، ئاڕاستەی با و نزمە پاڵەپەستۆکان گۆڕانکارییان بەسەردا دێت.

رۆژی سێشەممە 20-9-2022، بەشی پێشبینی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێم پێشبینییەکانی بۆ ئەمڕۆ و رۆژانی داهاتوو بڵاوکردەوە و پێشبینی کردووە رۆژی پێنجشەممە نمە باران ببارێت.

لە راگەیەندراوێکی وەزارەتەکەدا هاتووە، "رۆژى پێنجشەممە ئاسمان بەردەوام نیمچە هەور و هەورى تەواو دەبێت، لە بەشێکی ناوچە شاخاوییەکانى پارێزگاکانى هەولێر و سلێمانى و زۆربەى ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانى پارێزگاى دهۆک و سەنتەرى دهۆک ئەگەرى نمەبارانى پچڕ پچڕ هەیە؛ ئەم ناجێگیرییە لە کەشى ناوچەکە تاوەکو درەنگانى شەوى پێنجشەممە بەردەوام دەبێت." 

سەبارەت بە پلەی گەرماش، لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی گواستنەوەدا هاتووە، "رۆژى هەینى نزمبوونەوەى پلەى گەرما بەردەوام دەبێت و تەواوى ناوچەکەمان نزمبوونەوەى پلەى گەرما بە خۆوە دەبینێت."