وادەی بە ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆ دیاریکرا

سکرتێری گشتی ناتۆ وادەی بە ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە هاوپەیمانێتییەکەیان راگەیاند.

یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ بە فرانس پرێسی راگەیاندووە، "لە (ساڵی 2023) بەڵام ناتوانم بەروارەکە بەتەواوی بڵێم، هەریەک لە سوید و فینلەندا دەبنە ئەندام لە ناتۆ، کە ئەمەش بەستراوەتەوە بە بڕیاری پەرلەمانی تورکیا و ئەو لایەنانەی کە رەزامەندیان نەداوە لەسەر بە ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە لە هاوپەیمانێتییەکە".

ئەوەشی ئاشکراکردووە، "رێککەوتنێک لە مانگی تەمووزی ساڵی رابردوو لە نێوان هەریەک لە تورکیا، سوید و فینلەندا ئەنجامدرا، کە رێککەوتن لەسەر یاداشتنامەیەکی هاوبەش کە تیایدا وەسفی چۆنیەتی چڕکردنەوەی هاوکاریەکانیان دەکەن لەڕووی هەناردەکردنی چەک و هەروەها شەڕی دژی تیرۆر".

شایەنی باسە، لە بەرواری 18ـی ئایاری 2022، هەریەک لە باڵیۆزانی سوید و فینلەندا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا داواکاریان بۆ ئەندامبوون لە ناتۆ پێشکێش کرد.