هەولێر.. لە رووداوێکی سەختی هاتووچۆ کەسێک گیانی لەدەستدا

لەسەر شەقامی 120 مەتری هەولێر(ئەربیل)، رووداوێکی هاتووچۆی سەخت روویدا بەو هۆیەوە کەسێکی گیانی لەدەستدا و یەکێکی دیکەش بە سەختی برینداربوو.
فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی رووداوەکە رایگەیاند، "کاتژمێر 1:30 بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەسەر شەقامی 120 مەتری، لە نزیک بەشی مۆڵەتی هاتووچۆی هەولێر، نیسان ماکسیمایەکی تایبەت کە شوفێر و سەرنشینێکی تێدا بوو بە خێراییەکی زۆرەوە لە دیوی فڕۆکەخانەی هەولێر بە ئاراستەی رێگای کەرکووک دەڕۆیشت، لەناکاو بەهۆی تیژڕۆییەکەی کۆنتڕۆڵی لەدەستدا و بەرەو راگری سەرناوبڕەی شەقامەکە رۆیشت و خۆی پێداکێشا، دواتر خۆی کێشا بە دوو ستوونی کارەبا، کە دووری نێوان ستوونەکانی کارەبا نزیکەی 70 مەترە، پاشان بەردەوام بوو تاکو گەیشتە ستوونی سێیەم وخۆی بەویش داکێشا ئینجا وەستا".
دەشڵێت، "کاتێک سنووری خێرایی دەبەزێنرێت و خێرایی ئۆتۆمبێلەکان دەگاتە ئاستێکی مەترسیدار، بێگومان دەبێت چاوەڕوانی کارەسات بین".
وتەبێژی هاتووچۆی هەولێر راشیگەیاند، "بەداخەوە لە دەرەنجامی رووداوەکە شوفێرەکە گیانی لەدەستدا و سەرنشینێکیش بەسەختی برینداربوو، سێ ستوونی کارەباش کەوتووەو 75 مەتر گاردێلی رێگایەکە تێکچوو، بڕی زیانەکان و دووری نێوان ستوونەکان و کەوتنیان و کەوتنی ئەو هەموو گاردرێلە خۆی گەواهیدەری خێرایی ئۆتۆمبێلەکەیە بەر لە رووداوەکە".
فازڵ حاجی دەڵێ، "هیوادارین ئەو کارەساتە پەیامێک بێت بۆئەو گەنجانەی کە درەنگانی شەو ئەوشەقامەیان کردۆتە شوێنی پێشبڕکێکردن، وەبزانن بەبەردەوامیان لەسەر ئەوکارە ڕۆژێک دێت کەسەرەی ئەوانیش بێت".