هەولێر.. لە ئەنجامی رووداوێکی تەقەکردندا ژنێک دەکوژرێت

پۆلیسی پارێزگای هەولێر(ئەربیل) لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە، لە رووداوێکی تەقەکردندا لە قەزای خەبات، ژنێک فیشەکی بەردەکەوێت و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیان لەدەستدەدات.

دەقی روونکردنەوەکەی پۆلیسی پارێزگای هەولێر:

روونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێرەوە

دوێنێ شەو رێکەوتی (29/30-10-2022) کاتژمێر (01:30)ـی شەو بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاگادار کرانەوە بەبوونی رووداوێکی تەقەکردن لە قەزای خەبات، دوای گەیشتنی هێزەکانی پۆلیس بۆ شوێنی رووداو دەرکەوت کەوا چەند چەکدارێک هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی (هوشیار عبداللە حسن) و لە دەستیان رایکردووە بۆ ماڵی باوکی کە دراوسێیانە چەکدارەکان گوللـەیان بەئاراستەی ناوبراو تەقاندووە و بەر دایکی ناوبراو کەوتووە بەناوی ( امینە میکائیل محمد) زامدار دەبێت و دوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیان لەدەست دەدات.

پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کرایەوە و پۆلیس سەرقاڵی لێکۆڵینەوەیە بۆ گەیشتن بە هۆکاری راستەقینەی رووداوەکە و دەستگیرکردنی بکەرانی تاوانەکە.