هەولێر.. بە گوژمەی زیاتر لە 31 ملیار دینار پڕۆژەیەکی دیکەی رێگەوبان جێبەجێ دەکرێت

راگەیاندنی پارێزگای هەولێر(ئەربیل) جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی دیکەی راگەیاند و دەڵێت، بە گوژمەى 31 ملیار و 49 ملیۆن و 771 هەزار دینار لەسەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر و بە سەرپەرشتى بەڕێوەبەرایەتى رێگەوبانى هەولێر دەستکرا بە پڕۆژەى بەرزە پردى ئۆڤەرفڵاى لە دووڕیانى کۆڕێ - شەقڵاوە – هەولێر، لەگەڵ فراوانکردن و یەکخستنى شەقامى تونێلى مەسیف - شەقڵاوە، کە زیاتر لە 7 کیلۆمەتر شەقام لە خۆدەگرێت لەگەڵ دوو پرد.

تایبەت بە وادەی تەواوبوونی پڕۆژەکە ئاماژە بەوەکراوە، ماوەى تەواوکردنى پڕۆژەکە (430) رۆژە، پێویستە ئەو کۆمپانیایەی کە بەڵێندەرایەتییەکەی وەرگرتووە، لەماوەی دیاریکراودا کارەکانی پڕۆژەکە تەواو بکات.

پارێزگای هەولێر راشیگەیاندووە، کە بەکۆتاهاتنى پڕۆژەکە، کە پڕۆژەیەکی ستراتیژی شاری هەولێرە و بە شێوازێکى مودێرن و سەردەمیانە دەستى پێ کراوە، سودێکى زۆرى دەبێت بۆ هاووڵاتییان و خەڵکى ناوچەکە، ئەوە جگە لە کەمکردنەوەى قەرەباڵغى و رووداوى هاتووچۆ.