هەواڵگری عێراقی دەستگیرکردنی سێ کەسی بە تۆمەتی قاچاخچێتی شوێنەوار و ساختەکردنی دراو راگەیاند

ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی عێراقی سەربە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، سێ کەسیان بە تۆمەتی قاچاخچێتی شوێنەواری مێژوویی و ساختەکردنی دراو دەستگیرکردووە.

ئاژانسی هەواڵگری لە بڵاوکراوەیەکدا رایگەیاندووە، "لە ئەنجامی بەدەستگەیشتنی زانیاری هەواڵگری و لەرێگەی بەکارهێنانی رێگەی تەکنیکیی، توانیویانە سێ تۆمەتبار دەستگیربکەن بکەن کە شوێنەواری مێژووییان لە هەردوو پارێزگای کەربەلا و بابل بە قاچاغ دەگواستەوە، هەروەها کاری ساختەکردنی دراوی بیانیان دەکرد و خەڵکیان فڕیودەدا".

ئەوەش هاتووە، "لە ئەنجامی کەمینێکدا توانراوە هەرسێ تۆمەتبار لەرێگەی کەربەلا بە پارچەیەک لە شوێنەواری مێژووییەوە دەستگیربکرێن کە بەرەو بابل دەیانگواستەوە، هەروەها لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا دەرکەوتووە کە دراوی بیانییان ساختەکردووە و خەڵکیان فڕیوداوە".

جێی باسە، لەمیانی دەستگیرکردنی ئەو تاوانبارانە، دەستبەسەر بڕی 4500 دۆلاری ئەمریکی و لەلایەکی دیکەشەوە بڕی 6000 دۆلاری ئەمریکی لە جۆری 100$ـی داگیراوە.