دوای ئەوەی رووسیا و ئۆکرانیا بە چاودێری تورکیا و نەتەوە یەکگەرتووەکان لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا رێککەوتن، ئێستا مەترسی ئەوە هەیە بەهۆی رەخنەکانی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا کێشە بۆ هەناردەکردنەکە دروستبێتەوە، چونکە سەرۆکی رووسیا پێیوایە، لە رێگەی رێککەوتنەکەوە رووسیا و وڵاتە تازە گەشەسەندووەکان هەڵخەڵەتێندراون.
سەرۆکی رووسیا پێشتر رایگەیاندبوو، ئەوە ئێستا لەبارەی هەناردەکردنەوەی گەنمی ئۆکرانیا رێککەوتنی لەسەرکراوە، ئاراستەی بارەکان بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەورووپایە، نەک وڵاتە تازا گەشەسەندووەکان و هەژارەکان.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا تایبەت بە هەمواری رێککەوتنەکە جەختی لەوەکردووەتەوە، رێککەوتنی هەناردەکردنی گەنم لە رێگەی دەریای رەش بە شێوەیەکی خراپ جێبەجێدەکرێت و هەموارکردنەوەی پەیوەستە بە چۆنییەتی جێبەجێکردنی.
ئەمە لە کاتێکدایە، پوتین خوازیارە هەناردەکردنی گەنم بۆ وڵاتە ئەورووپییەکان سنووردار بکات، کە بەگوێرەی رێککەوتنەکە و بە چاودێری تورکیا و نەتەوەیەکگرتووەکان دەستبە هەناردەکردنەوەی کرا.
بڕیار وایە لە ئایندەیەکی نزیکدا، ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ئایندەیەکی نزیکدا لە میانی دیداریان لە ئۆزبەکستان تاوتوێی بکەن.