هێزەکانی پێشمەرگە 3 هاووڵاتی بیانی لەدەست پەکەکە رزگاردەکەن

هێزەکانی پێشمەرگە سێ هاووڵاتیی بیانییان لەدەست چەکدارانی پەکەکە رزگار کرد و لە رێگەی کونسوڵخانەی وڵاتەکانیان رادەستی کەسوکاریان کردنەوە.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە وتەی سێ هاووڵاتی بیانی بەناوەکانی (ڤنسنت مارک ئەلیکساندەر بە رەچەڵەک ئەمریکی، جین دیڤول بە رەچەڵەک ئەمریکی و ئێمر ئێدوارس بە رەچەڵەک بەریتانی) دوای رزگارکردنیان لەدەست چەکدارانی پەکەکە بڵاوکردەوە.

ئەو هاووڵاتییانە ئاشکرایان کرد کە لەلایەن رێکخراوەکانی پەکەکە لە خشتەبراون و خەڵەتێنراون، تاکو لە قەزای شنگال پەیوەندی بە ریزەکانی یەبەشەوە بکەن بۆ شەڕکردن دژی تیرۆریستانی داعش.

ئەوەش هاتووە، کاتێک بارودۆخەکە دەبیینن و دڵنیا دەبنەوە کە ئەوە ئامانجی پەکەکە نییە، هەوڵی رزگارکردنی خۆیان دەدەن، بەڵام رێگەیان لێ دەگیرێت، تاکو پەیوەندی بە هێزەکانی پێشمەرگەوە دەکەن و رزگار دەکرێن.

ئەنجومەنی ئاسایش ئەوەشی ئاشکراکرد کە دوای رزگارکردنیان لە رێگەی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە رادەستی کونسوڵخانەی وڵاتەکانیان کرایەوە بۆ شادبوونەوەیان بە کەسوکاریان.