هێزێکی ئەمریکی لە باسرمە بە هەڵە گوللـە بە چەند ماڵێکەوە دەنێن

هێزێکی ئەمریکی لە ناحیەی باسرمەی سەر بە قەزای شەقڵاوە کە لە فڕۆکەخانەی هەریر جێگیرکراون، لەکاتی مەشقدا بە هەڵە گوللـە بە چەند ماڵێکەوە دەنێن.

درەنگانی شەوی رابردوو، هێزێکی ئەمریکی کە لە فڕۆکەخانەی هەریر جێگیرکراون، لەکاتی مەشقدا بە هەڵە تەقە بەنێو ناوەندی شارۆچکەکەدا دەکەن و گوللـە بەر 11 خانوو و ئۆتۆمبێلێک دەکەوێت، بەڵام زیانی گیانی نەبووە.

شایەنی باسە، هێزەکە مەشقی خستنەخوارەوەی درۆنیان کردووە، بۆیە گوللـەکان لە ئاستی ناوەندی شارۆچکەی باسرمە کەوتوونەتە خوارەوە و هێزە ئەمنییەکانیش گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.