هۆکاری یەکسانبوونی بەهای دۆلار و یۆڕۆ چییە؟

لە دوای زیاتر لە 20 ساڵ، ماوەیەکە بەهای دۆلار و یۆرۆی ئەورووپی بە نزیکەیی یەکسان بوونەتەوە، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە هۆکاری یەکسانبوونی بەهای هەردوو دراوەکە بۆ چی دەگەرێتەوە؟ یاخود بەشێوەیەکی دیکە چۆن بەهای دۆلار بەو رادەیە بەرزبووەوە و توانی بگاتە بەهای یۆڕۆ .

شارەزایانی بواری ئابووری پێیان وایە کە بانکی ناوەندی ئەمریکا بە شێوەیەکی خێرا توانی رێژەی سوود بەرزبکاتەوە و ئەورووپا لەو بارەیەوە دواکەوت . بۆیە کاتێک سوودی دۆلار بەرز دەکەیتەوە، راستەوخۆ ئاراستەکان بەرەو دۆلار هەنگاو دەنێن . لەلایەکی دیکەوە بانکی ناوەندی ئەورووپا رووبەڕووی هەڵاوسان دەبێتەوە بەڵام بەپێی پێویست ناتوانێت وەکو بانکی ناوەندی ئەمریکا رووبەڕووی ببێتەوە، بۆیە دۆلار بەهاکەی زیاد دەکات و بەهای یۆرۆ کەم دەبێتەوە .

بابەتە هەرە گرنگەکان ئەوەیە کە ئاخۆ دۆلار بەردەوام دەبێت لە زیادبوونی بەهاکەی، پسپۆرانی بواری ئابووری بلومبێرگ پێیان وایە کە تا ئێستا دیار نییە رێژەی هەڵاوسان دەگاتە لوتکە یاخود نا، بۆیە شارەزایان پێیان وایە تاوەکو ساڵی ٢٠٢٣ هیچ جۆرە بەرزبوونەوەیەکی بەها لە دۆلاردا نابینرێت . شارەزایەکی بواری ئابووری بەناوی جەیمس ماککارتی پێی وایە کە ساڵێک بۆ ١٨ مانگ بەهای دۆلار بەرزنابێتەوە .

ناوەندی بلومبێرگ بۆ کاروباری ئابووری راپرسییەکی کردووە لەبارەی رێژەی هەڵئاوسان و بەپێی راپرسییەکە چاوەرێ دەکرێت رێژەکە بگاتە ٩ ٪، بۆیە لەگەڵ بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان، سوود لە بانکەکان زیاد دەبێت و سەرئەنجام دۆلار لە سەرانسەری جیهان بەهاکەی بەرز دەبێتەوە .

شیکارەکانی ئابووری ئەوە دەخەنەڕوو کە بەهۆی دابەزینی رێژەی گەشەسەندن لە ئەورووپا، هەروەها زیادکرانی سوود لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکا، پێشبینی ئەوە دەکرێت ٥ ٪ نزمبوونەوە بەخۆوە ببینێت .

یەکێک لە کاریگەرییەکان ئەوەیە کە بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لە ئەوروپا بەتایبەتیش نرخی وزە ‌و خۆراک‌ و راگرتنی هەناردەی غازی رووسیا بۆ ئەڵمانیا، مەترسییەكی گەورەی لەسەر داكشانی ئابووری ئەورووپا دروستكردووە، بەوهۆیەشەوە بەهای یۆرۆ بەردەوامە لە دابەزین .