هۆکاری قسەکانی پەرلەمان چی بوو؟ ئازاد کورەچی وردەکارییەکانی بۆ تەبا باسکرد

ئازاد کورەچی، سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت لە دانیشتنی رۆژی ٢٧ـی حوزەیران لە پەرلەمانی کوردستانی عێراق ئاشکرایکرد کە تورکمان لە دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەت بە کورد ناونووس دەکرێن، ئەم وتەیەی ئازاد کورەچی لە سۆشیاڵ میدیا هەرای نایەوە.

لە قسەکانیدا ئازاد کورەچی بەگلەییەوە رایگەیاند، "بەسە لەو هەڵسوکەوتە بێزار بووین" و بۆ زانینی وردەکارییەکان مایکمان بۆ کورەچی درێژکرد. کورەچی باسی لەوەکرد کە ئەم گلەییە تەنها هی خۆی نییە و هی هەموو تورکمانە و وتی، "کاتێک تورکمان سەردانی دامەزراوەیەکی حکومی دەکات بۆ نموونە موختار، دامەزراوەکانی تایبەت بە ناسنامە و ئاسایش کێشەیەکی لەو جۆرە سەرهەڵدەدات. ئەوانەی تورکمانن بە تورکمان ناونووسیان ناکەن، هەندێک لە تورکمانەکان ئەوە دەزانن، هەندێکیشیان بێئاگان لە رووداوەکە".

"چ پێویست دەکات لە فایلی نەخۆشێکدا بژاردەی نەتەوە هەبێت؟" لەسەر پرسیاری "هۆکاری وتەکەت لە پەرلەمان چی بوو؟"

ئازاد کورەچی ئاماژەی بەوەکرد کە لە فریاکەوتنی نزیک نەخۆشخانەی کۆماری رووبەڕووی رووداوێک بووەتەوە و وتی:

"بەر لە دانیشتنەکە پەرلەمان، کچەکەم نەخۆش کەوتبوو، چووینە فریاکەوتن و راستەوخۆ لەوێ فایلی نەخۆشیان بۆ پڕدەکردەوە. کاتێک سەیری فۆڕمەکەم کرد، لە بژاردەی نەتەوە کورد نووسرابوو. راستەوخۆ لێم پرسی کە بۆچی بژاردەی نەتەوە لە فایلی نەخۆشدا هەیە؟ چ پێویست دەکات لە فایلی نەخۆشێکدا بژاردەی نەتەوە هەبێت؟ وا دایبنێ هەیە، ئەی باشە بۆچی راستەوخۆ کوردت نووسیوە؟ پرسیارت لەمن کرد کە سەر بە چ نەتەوەیەکم؟ لە وەڵامدا رایگەیاند کە تەنها بۆ ئەوە نووسراوە کە بە چ زمانێک قسە دەکرێت. منیش راستەوخۆ پێم راگەیاند کە بیسڕەوە و بیکە تورکمان. پێم راگەیاند کە بابەتی نەخۆش چ پەیوەندیی بە نەتەوایەتییەوە هەیە؟ دواتر ئافرەتێک کە لەوێ فەرمانبەر بوو، بە تەنزەوە وتی تورکمانن یان خۆشناو؟ بێگومان منیش لە قسەکەی ئەو تووڕەبووم و دەستم بە قسەکردن کرد. راستەوخۆ نامەیەکی دەنگیم بۆ وەزیری تەندروستی نارد، دواجار پەیوەندیم بە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر کرد. دواتر بەرێز وەزیری تەندروستی وەاڵمی دامەوە و رایگەیاند کە کاری لەسەردەکەن. کاتێک سەردانی ئەو دامەزراوە تەندروستییەمان کرد، بینیم کە کەموکوڕی هەیە، ئەوانیش بە وەزیری تەندروستی راگەیاند و پێم وت کە پێویستە چاوێک بەو شوێنەدا بخشێندرێت".

سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت ئاماژەی بە کاردانەوەی فراکسیۆنەکان و رای گشتی لەبارەی قسەکانی پەرلەمان دا و وتی، "لە کۆمێنتەکاندا جوێن و قسەی ناشرینی زۆر کراوە. ویستم ئەم دیاردەیە لە پەرلەمان قسەی لەسەر بکەم بەاڵم رۆژەڤی پەرلەمان زۆر گەرمبوو، بواری ئەوەم نەبوو قسەی لەسەر بکەم. چییە ئەم کلتووری جنێودانە؟ زۆر شتێکی ناشرینە. هەروەها ویستم سوپاسی هەموو ئەوانە بکەم کە هەندێکیان لەکاتی قسەکانمدا چەپڵەیان لێدا. دوای دانیشتنەکەش هاتنە الم و پشتگیریی خۆیان بۆ من راگەیاند. پێمیان راگەیاند کە سوپاسم دەکەن بەهۆی ئەوەی کە خزمەت بە دۆزی نەتەوەی خۆم دەکەم".

"هەندێک لە تورکمانان لەبارەی قسەکانی پەرلەمانەوە وتیان، پێویست نەبوو"

کورەچی ئاماژەی بەوەکرد کە لەسەدا ٩٩ـی تورکمان قسەکانی ئەویان پێخۆش بووە و وتیشی، "بێگومان تاک تاک هەبوو وتیان کە ئەم قسانەم پێویست نەبووە. هەندێکیشان وتبوویان کە بۆچی باسی ئەو جۆرە بابەتانە دەکەم. کاتێک من بەرگری لە کەسێک دەکەم، پێویستە ئەو پێی دڵخۆش بێت و سووپازگوزار بێت".

ئازاد کورەچی لەسەر رەخنەی هەندێک لە تورکمانان لەبارەی قسەکانی پەرلەمانەوە چیرۆکێکی گێڕایەوە و وتی، "کاتی خۆی چێ جیڤارا لە بەرەنگاربوونەوەی دیکتاتۆریەت لەالیەن شوانێکەوە ئاشکرا دەکرێت و دەگیرێت. جیڤارا لە شوانەکە دەپرسێت کە ئەو بۆ ئەوان خەبات دەکات، بۆچی شوێنی ئەوی ئاشکراکردووە؟ لە وەاڵمدا شوانەکە دەڵێت، "لەپێناو پاراستنی مەڕەکانم ئەم کارەم کرد". لە نێو نەتەوەی ئێمەشدا مرۆڤی لەم جۆرە هەیە. کاتێک بەرگریی لێ دەکەیت، بەهۆی بەرژەوەندییەکانییەوە پێی ناخۆش دەبێت و کاردانەوەی دەبێت".

 "پێویستە تورکمان هەندێک بەئاگابێتەوە"

لە کۆتاییدا ئازاد کورەچی، سەرۆکی فراکسیۆنی میللەت لە پەرلەمان تیشکی خستەسەر ئەوەی کە دەبێت تورکمان لەبارەی شووناسەوە بەرگری لەخۆی بکات و بەو شێوەیە کۆتایی بە قسەکانی هێنا:

"هەرگیز لە حکومەت بۆچوونی "نەتەوەیەک بەناوی تورکمان نییە" بوونی نییە بێگومان. بەڵام دەبێ ئەوە پرسیار بکرێت، هاووڵاتییەکی تورکمان بە کورد دەنووسرێت. کاتێک لێیان دەپرسیت بۆچی؟ لە وەاڵمدا دەڵێن کە ئەوان بە نیەتێکی خراپ نەیاننووسیوە، وایان زانیوە کە ئەویش کوردە. نەتەوەی ئێمەش ئاگاداری ئەوەیە کە بەبێ پرسین بە کورد دەنووسرێن. پێویستە لەکاتی رێکارەکاندا ئاگاداری ئەو وردەکارییانە بێت و بەو پێیەش لەکاتی پێویست قسە بکات. گەر لە من دەپرسیت، پێویست بەوە ناکات بژاردەی نەتەوە هەبێت، ئێمە مرۆڤین. ئەمە شتێکی جوان نییە، کاتێک کارێکم لە موختار هەیە بۆچی نەتەوەیی من بنووسرێت؟ نووسینی نەتەوە شتێکی هەڵەیە. ئەو قسانەی کە لە پەرلەمان کردم، پێشتر بە نووسراو ئاراستەم کردبوو، بەڵام وادیارە کە بە نووسین کاریگەریی نییە. لە ئەنجامدا پێویستە خەڵک هۆشیار بکەینەوە، پێویستە تورکمان هەندێک بە ئاگابێتەوە. بەرگریی لە خۆتان و شووناستان بکەن، بە پێچەوانەوە دەسڕێنەوە. گەر دەستبەرداری شووناس و هەبوونی خۆت بیت، هیچ کەسێک ئیعتبارێکت بۆ دانانێت. بۆچی بەرگری لەخۆت ناکەیت؟ گەر یەکێکی دیکەش بەرگری بکات، ئەوی دیکە پێی ناخۆشە. ئەوانەی دەیڵێم هەرگیز گشتاندنی تێدا نییە، بەڵام ئەوانەی کە پێیان ناخۆشە هەرچەندە رێژەکەشیان کەم بێت بۆ من گرنگە. چونکە من شتێکی خراپم نەکردووە، تەنها بەرگری لە هەبوون دەکەم. لە بیرکاری دۆخێک هەیە کە پێناسەنەکراوی پێدەڵێن. بۆ نموونە کاتێک ١دابەشی ٠ دەکرێت دەبێتە پێناسەنەکراو، گەر تۆش بەرگری لەخۆت نەکەیت، پێناسەنەکراو دەبیت".