هۆشیار زێباری: ئەوەی لە شنگال روودەدات کارەساتە

هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، ئاماژەی بەوە کرد، "هێزە عێراقییەکان ناتوانن رێککەوتننامەی شنگال جێبەجێ بکەن".

زێباری لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی رەوشی سنجار، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە.

هۆشیار زێباری رایگەیاند "ئەوەی لە شنگال روودەدات کارەساتە! هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و تیرۆریستانی یەپەشە لە ئێزدییەکانی ناوچەکە لە شنگال حوکم دەکەن".

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی، ئاشکرای کردووە، "پەکەکە و یەپەشە لە رووی سیاسی و داراییەوە لەلایەن سەرۆکایەتی دەستەی حەشدی شەعبی بە سەرۆکایەتیی فالح فەیازەوە پشتیوانی دەکرێن".

زێباری ئاماژەی بەوەشکردووە، "هێزە عێراقییەکان ناتوانن رێککەوتننامەی شنگال جێبەجێ بکەن و ئاوارەکان بگەڕێننەوە".

لە بارەی رووداوەکانی چەند رۆژی رابردوو کە رووبەڕووبوونەوەی لە نێوان چەکدارانی پەکەکە و سوپای عێراق لە سنجار روویدا و و دەگوترێت چەکدارانی پەکەکە چەند سەربازێکی سوپای عێراقیان دەستگیرکردووە، هۆشیار زێباری لەمبارەیەوە نووسیوویەتی "چ شەرمێکە دانوستان لەسەر ئازادکردنی سەربازەکان بکەن؟!".