هاوپەیمانی نێودەوڵەتی: فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان لە هەولێر تێکشکێندرا

سەرچاوەیەک لە هێزە راوێژکارییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە هەولێر بڵاویکردەوە، کە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان بوەتە جێگەی هەڕەشە بۆسەر هێزەکانیان لە هەولێر.

ئەو سەرچاوەیە بە میدیاکانی عێراقی راگەیاندوە، درەنگانێکی شەوی رابردوو، رادارەکانی سەر بە بەرگریی ئاسمانی عێراق ژمارەیەک فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانیان دەستنیشان کردوە کە بە ئاستێکی نزم بە ئاڕاستەی رۆژئاوا فڕیوون و لە ناوچەکانی سنووری رۆژهەڵاتی عێراقەوە بەڕێکەوتبوون، دواتر توانرا یەکێک لە فڕۆکەکان بخرێنە خوارەوە و هەوڵە هەواڵگرییەکان بۆ بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بەردەوامە.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو فڕۆکەیە پشکنین و هەڵگرتنەوەی جێ پەنجەی لەسەر دەکرێت.

سەرچاوەکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دوپاتی دەکاتەوە کە لێبوردە نابن بەرامبەر هەر هێرشێک بکرێتە سەر دامەزراوەکانی عێراق و گەلەکەی، هەروەها بێ دودڵی وەڵامی هێرشەکان دەدەنەوە.