هادی عامری و عەمار حەکیم لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆ چی دەڵێن؟

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە لایەنگرانی موقتەدا سەدر چوونە نێو ناوچەی سەوز لە بەغداد و سەرئەنجام ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیان کۆنترۆڵکرد و لە ئێستادا بە هەزاران کەس لەناوچەی سەوز چاوەڕوانی فرمانی سەدرن.

لەوبارەیەوە هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح کە هاوکات لەنێو چوارجێوەی هەماهەنگیدایە، داوای لە چوارچێوە و رەوتی سەدر کرد دۆخەکە هێوربکەنەوە و دیالۆگ بکەن چونکە دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی و ئاژاوە هەنگاو دەنێت.

هەروەها عامری باسی لەوەشکردووە کە دەبێت ناکۆکییەکان بەلاوەنرێت و هەردوولا بگەنە چارەسەر چونکە گەلی ترسی هەیە دۆخەکە بەردەوام بێت بە ئاراستەی خوێنرشتن.

شایەنی باسە عامری ئاماژەی بەوەشداوە کە دەبێت ناکۆکییەکان لەسەر بنەمای گفتوگۆکردن و نەرمی نواندن بۆ یەکتر چارەسەربکرێت چونکە دۆخی عێراق بووەتە هۆی ئەوەی کە کەس ئیرەیی پێنەبات و پێویستە لە کێشەکان دووربخرێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە عەمار ئەلحەکیم، سەرکردەی رەوتی حیکمە باسی لەوەکردووە کە چوارچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدر دەست بە گفتوگۆیەکی کراوە و راستەوخۆ بکەن.

هاوکات عامری دەشڵێت، "بارودۆخی کێشەداری عێراق کە ئەمڕۆ تێیدا تێدەپەڕێت، پێویستی بە ئەولەویەتی زمانی عەقڵ، لۆژیک، دیالۆگ، سازان هەیە. دیالۆگ بە تاکە رێگەی نزیکە بۆ گەیشتن بە چارەسەریکی گونجاو دەزانین".

لە کۆتاییدا ئەلحەکیم دەڵێت، "داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکەین دان بەخۆیان بگرن و ئارام بن بۆ ئەوەی زیانی زیاتر بە نیشتمان نەدرێت".

ئەم وتانەی عامری و ئەلحەکیم دوای ئەوە دێت ئەمڕۆ شەممە لایەنگرانی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر خۆپیشاندانێکی فراوانیان دەستپێکرد و لە گۆڕەپانی تەحریرەوە بەرەو ناوچەی سەوز بەڕێکەوتن، دواجار خۆپیشاندەران چوونە ناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لەوێ ماونەتەوە و چاوەڕێی بڕیاری موقتەدا سەدرن.