‎ نەتەوە یەکگرتوەکان: 100 ملیۆن کەس لەجیهاندا بەناچاری ئاوارە بوون

رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان رایگەیاند، بەهۆی بەردەوامی شەڕ و تووندوتیژییەکان لەناوچەکانی جیهان و بەتایبەتی شەڕی رووسیا بۆسەر ئۆکرانیا، لەم کاتەدا زیاتر لە 100 ملیۆن کەس لەجیهاندا بەناچاری ئاوارە بوون، کە ئەوەش ژمارەیەکی بێ وێنەیە لە مێژوودا.

کۆمسیۆنی کارووباری ئاوارە و پەنابەران لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەمڕۆ دوشەممە لەراگەیەنراوێکدا باسی لەوەشکردووە، ژمارەی ئەو کەسانەی ناچار کراون ناوچەکانی خۆیان بە هۆی شەڕ، ململانێ و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ جێبهێڵن، بۆ زیاتر لە 100 ملیۆن کەس لەجیهاندا بەرزبووەتەوە.

ئاماەی بەوەشکردوە، ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەش بەهۆی ناچارییەوە جێگەی نیگەرانییە و دەبێت وڵاتانی جیهان بەهۆش بهێنێتەوە، بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕ و پێکدادان بێت و خەڵک بتوانێت لەناوچەکانی خۆیان بە ئاشتی و ئازادی بژین، بەتایبەت کە تەنها لەسەرەتای ئەمساڵەوە 10 ملیۆن کەس بە ناچاری ئاوارە بوون.