نەتەوە یەکگرتوەکان داوای لێکۆڵینەوەی ورد لە تۆپبارانەکەى زاخۆ دەکات

نووسینگەی وتەبێژی نەتەوەیەکگرتووەکان سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە رۆژی چوارشەممە 20ی تەمووز کرایە سەر هاوینەهەوارێک لە گوندێکی سەربە قەزای زاخۆ لە پارێزگای دهۆک و لە ئاکامیدا نۆ هاووڵاتیی مەدەنی گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.

لە راگەیەندراوێکدا نووسینگەی وتەبێژی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، "سکرتێری گشتی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکات کە کرایە سەر ناوچەیەک لە قەزای زاخۆ و لە ئاکامیدا نۆ هاووڵاتیی مەدەنی کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون".

لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "سکرتێری گشتی داوا دەکات لێکۆڵینەوەی خێرا و ورد لە رووداوەکە بکرێت بۆ دیاریکردنی ئەنجامدەرانی هێرشەکە و لێپرسینەوە لەگەڵیاندا".

ئەوەشخراوەتەڕوو، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئه‌نتۆنیۆ گوتیرێس سەرەخۆشی خۆی بە كەسوكاری قوربانیانی رووداوەکە گەیاندووە كە لە هێرشەكەدا گیانیان لەدەستداوە و هیوای زوو چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواستووە.